ئێران: پوتن داوای کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی لێمان نەکردووە

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، هەواڵێکی پێگەی ئەکسیۆسی ڕەت کردەوە لەوەی سەرۆکی ڕووسیا دەربارەی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، پەیامی بۆ بەرپرسانی باڵای ئێران ناردبێت.

شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، پێگەی هەواڵی تەسنیم، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگەداری حکوومەتی ئێرانەوە، بڵاوی کردەوە "ئەو هەواڵەی پێگەی ئەکسیۆس، گوایە ڤلادیمیر پۆتن، سەرۆکی ڕووسیا، دەربارەی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، پەیامی بۆ بەرپرسانی ئێرانی ناردبێت، ڕاست نییە و ئێمە هیچ پەیامێکی لەو جۆرەمان لە سەرۆکی ڕووسیاوە پێ نەگەیشتووە."

ئەو سەرچاوە ئاگەدارەی ئێران، گوتوویەتی: لە دوا دیداری ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی هاوڕێی، بە هیچ  جۆرێک باسی پیتاندنی یۆرانیۆم نەکراوە.

ئەمڕۆ، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ڕایگەیاندبوو "ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیاندووە پشتیوانیی لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی دەکات کە ڕێگە نەدات ئێران لەناو خاکی خۆیدا یۆرانیۆم بپیتێنێت."

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، بڵاوی کردووەتەوە، ڤلادیمیر پوتن، بە دۆناڵد ترەمپ و گەورە بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیاندووە "ڕووسیا پشتیوانیی لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی دەکات، کە تیایدا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران بگەیەنرێتە سفر."

ئەکسیۆس، لە زاری سێ بەرپرسی باڵای ئەورووپاییەوە بڵاوی کردووەتەوە "ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ئەو هەڵوێستەی خۆی بە ئەورووپاییەکان و ئیسرائیل، ڕاگەیاندووە. ئەم هەڵوێستەی پوتن لە کاتێکدایە کە ڕووسیا، هەمیشە و بە ئاشکرا داکۆکیی لە مافی ئێران کردووە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment