ناتانیاهۆ: ئێران دوای شکستی حزبوڵڵا، پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کرد

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: ئێران پرۆژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کرد دوای ئەوەی حزبوڵڵا شکستی هێنا.
بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ(فۆکس نیوز) ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکەوتوو بوونە لە دواخستنی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران بۆ چەند ساڵێک.
ئەو قسانەی ناتانیاهۆ دوای لێدوانی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هات کاتێک باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکات دانووستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا دەست پێبکاتەوە سەبارەت بە پرۆژە ئەتۆمییەکەی، عراقچی ئەوەشی خستەوە ڕوو، دانووستانەکان پرسی مووشەکە بالیستییەکان ناگرێتەوە.
لەبەردەم دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی وڵاتان لە تاران، عەباس عراقچی گوتی: ئێران پارێزگاریی لە توانا سەربازییەکانی دەکات لەهەموو بارودۆخێکدا، ئاماژەی بەوەش کرد، توانا سەربازییەکانی ئێران گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی مافی تەواوی لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەیە، بۆیە بە هیچ ڕێککەوتنێک ڕازیی نابن ڕێگە لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بگرێت لە ئێران.
گوتیشی: بیرکردنەوە لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکانی ئێران،بە واتای کۆتایی هاتنی ڕۆڵی ئەوروپا دێت لە دۆسیەی ئەتۆمیی.