پاداشتی دارایی بژمێرەکان خەرج دەکرێت

وەزارەتی پلاندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دوا هەوڵێکی زۆر توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکان و بژمێرەکان، لە حکوومەتی عێراق وەربگیرێ.

یەکشەممە، 13ـی تەمووزی 2025، وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوو دوای هەوڵێکی زۆر و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن وەزیری پلاندانانی هەرێم و بریکاری وەزارەت، توانرا بەشی شایستەی دارایی تایبەت بە بەڕێوەبەرەکان و یاریدەدەرەکان و بژمێرەکان، لە حکوومەتی عێراق وەربگیرێ.

وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوە کردووە، رێکارە کارگێڕی و داراییەکان تەواو کراون و لەمڕۆوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاماری پارێزگاکان هەڵدەستن بە ڕێکخستنی کارەکانیان بۆ دابەشکردنی ئەو شایستە داراییانە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا.

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە،  هێشتا زیاتر لە 13 ملیار دینار ماوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، تایبەت بەو خەرجییانەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەی ئامار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دەستە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها سەرباری ئەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی پێ دەرچووە، بەڵام دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمی دەکەن لە جێبەجێیکردنی.

وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، لە هەوڵی بەردەوامدا دەبن بۆ وەرگرتنی تەواوی مافە داراییەکان کە نەدراون، تاکوو مافی فەرمانبەرانی ئامار لە هەرێم نەفەوتێت.

ڕۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تاكوو 22ـتشرینی دووەمی 2024 بەردەوام بوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment