ئەمڕۆ لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت

لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە میوانداری وەزیری نەوت و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەتەکە دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسانەی کە 'مەترسیی' وەسفکراوە و ئەمەریکا هۆشداریی لەبارەوە داوە.

عەلی شەداد، گوتەبێژی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت ئامادە دەبن.

گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر داڕمانی ژێرخانی ناو وەزارەتی نەوت، کە هەژموونی لایەنی دەرەکی بەسەریدا زاڵە، لەنێویاندا کەسایەتییەک بەناوی 'ئومێد' هەیە، کۆنترۆڵی جومگە هەستیارەکانی ناو وەزارەتەکەی کردووە."

عەلی شەداد ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراق ڕووبەڕووی مەترسی سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا دەبێتەوە بەسەر وەزارەتی نەوت دا، ئەمەش بەهۆی پێشێلکاری و خراپ بەڕێوەبردنە، هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەم سزایانەی ئەمەریکا دەبێتە هۆی ئیفلیجی ئابووری و داڕمانی داهاتی دارایی وڵات."

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێشتر پاکێجێکی سزای بەسەر ئەو کەس و لایەنانەدا سەپاندبوو کە تێوەگلاون لە قاچاخچێتی سووتەمەنی کە بودجەی گرووپە چەکدارەکان پێ دابین دەکرێت.

بودجەی عێراق لە سەدا 95ـی پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت، کە هەر سزایەک بەسەر وەزارەتی نەوتدا بسەپێندرێت، دەبێتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئابووری وڵات.

 

 
Fly Erbil Advertisment