غەززەییەکان: دەمانەوێت جەنگ بوەستێت و ئاسایش و سەقامگیری بگەڕێتەوە
غەززەییەكان بە پەڕۆشییەكی زۆرەوە چاودێری هەواڵەكانی تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست دەكەن، هیوا دەخوازن ئاگربەستێكی ڕاستەقینە بێت و فێلكردن نەبێت، بۆ ئەوەی كوژرانی غەززەییەكان كۆتایی پێ بێت و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە ناوچەكەیان و جێگر بن.
بەهۆی نزيكبوونەوەی واژۆكردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، دڵخۆشی بۆ دانیشتوانی كەمپەكانی غەززە گەڕایەوە و لەو چركەساتەدا سەریان سوڕماوە، بەڵام دەترسن ئەمە خەونێكی جوان بێت.
تۆفیق ئەبو جەراد، ئاوارە بە کوردستان24ـی گوت: بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست هەمووان دڵخۆش دەبن، ماندوو بووین، دەمانەوێت هەست بە ئاسایش و سەقامگیری و جێگربوون بكەین، هەموو ڕۆژێك لەشوێنك بۆ شوێنێك دەڕۆین وەڵا ماندوو بووین.
غەززەییەكان لە دڵەوە دوعا دەكەن ئەم ئاگربەستە ڕاستەقینە بێت و فریودان نەبێت، دوای دوو ساڵ لە ئازار ئاگربەست برینەكان ساڕێژ بكات، ساتێكی ئارامییان لەناو وێرانییەكان پێبخەشرێت.
ئەمەل عەبدولحافز، ئاوارە دەڵێت: هیوادارین هەواڵەكان باش بن و ئاگربەستەكە هەمیشەیی بێت، سوێند بەخوا ماندوو بووین دووساڵ تەمەنمان بەئازار ڕۆیشتووە، داوا لە خوا دەكەین، جەنگ ڕاوەستێت هەمووان سازش بكەن و لەو بارودۆخە ڕزگارمان بكەن.
دڵخۆشی بەهەواڵی ئاگربەست تەواو نەبوو، چونكە هێرشی ئیسرائیل بەردەوامە و نائارامی لەناو خەڵكدا بڵاو بوویەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئاگربەستە و وەك بەردەوامی شەڕ دەركەوت و گومانی خستە ناو دڵە ماندووەكان.
محەممەد حیجاز، ئاوارە گوتی: هەموان چاوەڕێی هەواڵی ڕاگەیاندنی ئاگربەستن، ئەمەش مانای ڕاگیرانی كوژرانی غەززەییەكان، گەڕانەوەی ژیانە، گەڕانەوەی خواردنە بۆ برسییەكان و گەڕانەوەی دەرمان و پێداویستییەكانە.
لە كەمپ و كەمپە ڕووخاوەكان، غەزەییەكان چاوەڕوانن و لە نزیكەوە چاودێری هەواڵی ئاگربەست دەكەن، ئارامگرتن تاكە چەكە دەتوانن بەسەر برسیەتی و ترس و دڵەڕاوكێی زاڵبن.