وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگەکانی نەوت دەکات

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرانبەر بە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و دەڵێت: پێویستە حکوومەتی عێراق سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێت.
چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ كاتژمێر (7:10) بۆ جاری دووەم لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایەوە سەر كێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمەریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، كە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.
وەزارەتەکە نیگەرانی قووڵی لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەردەبڕیت و دەڵێت: "بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەكەم، كە دەكرێنە سەر دامەزراوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان و مەترسیی لەسەر هاووڵاتییانی ئەم ناوچانە و سەلامەتی كارمەندانی مەدەنی كەرتی وزە دروست دەكات".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، دووبارە بانگەوازی هەموو لایەنی پەیوەندیدار لە حكوومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، كە بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سیڤلی ناوچەكە، كارمەندانی سڤیل، ئەمنییەتی وزە و ڕێگرتن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی وزەی كوردستان.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هێرشە درۆنییەكانی 14و 15و 16ی تەمووزی 2025، بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و كێڵگە نەوتییەكانی (خورمەڵە، سەرسەنگ، بیشخاپوور و عین سفنی) لە پارێزگای هەولێر، پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروست كردووە.
وەزارەتەکە، دەڵێت: دووبارە داوا دەكەین كە حكوومەتی فیدراڵی بە ئەركی خۆی هەڵسێت بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.