بە تۆمەتی داعشبوون زیاتر لە 150 کەس لە تورکیا دەستگیر کران

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی 153 گومانلێکراوی داعشی لە میانی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاند .
ئەمڕۆ هەینی 18ـی تەممووزی 2025، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڕایگەیاند لە ئەنجامی ژمارەیەک ئۆپەراسیۆن لە 28 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان 153 گومانلێکراوی داعشیان دەستگیر کردووە.
یەرلیکایا، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو تۆمەتبارانە دەستگیرکراون لە ڕێگەی ڕێکخراوی بەناو هاوکاریی پارەیان وەرگرتووە و لە سۆشیال میدیاش سەرقاڵی پڕوپاگەندەی تیرۆریستی بوون".
هەروەها یەرلیکایا ڕاشیگەیاند "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەست بەسەر چەندان بەڵگەنامەی ڕێکخراوەیی و کەرەستەی دیجیتاڵیدا گیراوە."