هاکان فیدان: دەستوەردانەکانی ئیسرائیل لە سووریا زیان بە ئاشتی ناوچەکە دەگەیەنێت

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، هۆشداریی دا لە دەرەنجامەکانی هێرشە دووبارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا.

بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵو، هاکان فیدان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی، مارکۆ ڕوبیۆ، ڕایگەیاندووە، هەر هێرشێک بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا، زیان بە هەوڵەکانی ئاشتی ناوچەکە دەگەیەنێت، جەختیشی کردەوە "دەستوەردانەکانی ئیسرائیل لە خاکی سووریا کێشەکە گەورەتر دەکات".

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش داوەە، پێویستی بەزووترین کات، ئارامی بۆ سووریا بگەرێتەوە، گرنگیشە ئەو لێکتێگەیشتنانەی لە نێوان لایەنەکانی سووریادا کراوە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی بنیاتنانی ئایندەیەک بۆ گەلی سووریا لەدەست نەدرێت.

هاکان فیدان، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ڕۆڵی ئەرێنی ئەمەریکا لە سووریا دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەنقەرە ئامادەیە لەگەڵ واشنتن و وڵاتانی دیکە کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی سووریا بۆ هەمیشەیی و بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ڕەها ڕێگری لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بکەن دۆخی باشوور بقۆزنەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment