ئەمەریکا و ئوردن و سووریا، تاوتوێی ڕێککەوتنی ئاگربەستی سوەیدا دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئوردن، لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا کۆبوونەوە و تاوتوێی ڕێککەوتنی ئاگربەستی سوەیدایان کرد، هەروەها جەختیان لە پشتیوانی حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سوەیدا کردەوە.

شەممە 19ـی تەممووزی 2025، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆبوونەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەی نێوان سەفەدی، شەیبانی و تۆم باراک، تاوتوێی دۆخی سووریا و هەوڵەکان بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە کرا، هەروەها هەر سێ لا پشتگیرییان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی سوەیدا کرد، هەروەها جەختیان لە ڕێگریکردن لە دووبارە خوێنڕشتن و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل کردەوە.

هاوکات هەر سێ لا ئاماژەیان بەوە دا، سەقامگیری سووریا هۆکارە بۆ سەقامگریی تەواوی ناوچەکە، جەختیشیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، هەر سێ لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە ئاسایش و سەقامگیریی سووریا مسۆگەر بکات و گەرەنتی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلیش بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەیمەن سەفەدی و تۆم باراک، پێشوازییان لە پابەندبوونی حکوومەتی سووریا بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی پێشێلکاری لە دژی هاووڵاتییانی سڤیل لە پارێزگای سوەیدا، کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕوویدا. بە پێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان بۆ 940 کەس بەرز بووەتەوە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment