عەزیز ئەحمەد: درۆنەکان لە قەزای دوبزەوە ئاراستەی کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کرابوون

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زانیاری لە بارەی شوێنی ئاراستەکردنی درۆنەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێم ئاشکرا کرد.

شەممە 19ـی تەممووزی 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ئێمە دەزانین درۆنەکان لە هەفتەی ڕابردوو لە کوێوە ئاراستەی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کرابوون.

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاژەی بەوە کردووە، سەرجەم ئەو درۆنانەی کە هەفتەی ڕابردوو کێڵگەکانی نەوتی هەرێمیان کردبووە ئامانج، لە قەزای دوبزی سەر بە پارێزگای کەرکووکەوە ئاراستە کرابوون.

پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە بارەی هێرشە درۆنییەکان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: زۆر ڕوونە کە درۆنەکان لە کوێوە ئاراستە دەکرێن، کە هەمیشە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکان بە داخەوە کردەوەی تیرۆریستین، هەر لایەنێک لە پشت ئەو کارەوە بێت شەرمەزار دەبێت.

هەفتەی ڕابردوو، چەند جارێک لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرش کراوەتە سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرانبەر ئاراستەکردنی درۆنەکان، نە کەس دەستگیرکراوە و نە کەسیش سزا دراوە. 

 
Fly Erbil Advertisment