ئیسرائیل: 2 هەزار درووز ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ بەشداریکردن لە شەڕی سووریا

کەناڵی کان نیوز بڵاوی کردەوە، نزیکەی دوو هەزار درووز لە ئیسرائیل ناوی خۆیان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بەشداربن لە شەڕی سووریا، ئەگەر هێرشەکان دژی درووزەکان لەلایەن ئەندامانی هۆزە بەدەوییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی حکوومەتەوە نەوەستێت.

کان، ڕاشیگەیاند، لە بەیاننامەیەکی درووز هاتووە؛ "ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی خۆبەخشانە شانبەشانی براکانمان لە سوەیدا شەڕ بکەین. کاتی ئەوە هاتووە ئامادەکاری بکەین بۆ بەرگریکردن لە براکانمان و خاکەکەمان و ئایینەکەمان".

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەسانەی ناویان تۆمار کردووە، بریتین لە یەدەگەکانی سوپای ئیسرائیل 'IDF'.

ئەم بەیاننامەیە نیگەرانی ڕژدی لەناو دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیلدا دروست کردووە، هەوڵدەدات سەرکردەکانی درووز ڕازی بکات و داوایان لێ دەکات بۆ هەر مامەڵەکردنێک، بۆ سوپای ئیسرائیل جێبهێڵن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندان ئاگربەست لە ناوچەی سوەیدا ڕاگەیەندرا، بەڵام چەندان جاریش ئاگربەست پێشێل کراوە.

ڕاپۆرتەکان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ئاماژەیان بەوە کردووە، شەڕ و پێکدادانەکان لە شاری سوەیدا وەستاوە و ناوچەکە لە چەکدارانی هۆزەکانی بەدەوی پاککراوەتەوە ئەوەش دوای بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment