لە چەند مانگی داهاتوودا 80 سەربازی ئیستۆنیا لە عێراق دەکشێنەوە

ئیستۆنیا ئامادەکاری بۆ کۆتاییهێنان بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خۆی لە دەرەوەی وڵات دەکات، بڕیارە سەربازەکانی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا لە عێراقەوە بگەڕێنێتەوە بۆ نیشتمان.

دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، ماڵپەڕی "نیوز ئی ئاڕ ئاڕ"ی ئیستۆنی لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری هانۆ پێڤکۆر، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەوە بڵاوی کردەوە "ئیستۆنیا سەرجەم سەربازەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە."

وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا،  ڕایگەیاند "کشانەوەی سەربازەکانمان لە عێراق، مانای ئەوە نییە ئیتر ئێمە بەشداریی هیچ چالاکییەکی سەربازیی لە دەرەوەی وڵات ناکەین، هێزەکانی ئێمە لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا چالاکن و لە هەر کوێیەک پێویست بێت، ئامادە دەبن. ئیستونیا ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بەشێک لە ئاسایشی خۆی دەزانێت."

هێزێکی سەربازی ئیستۆنیا کە لە 80 کەس پێک هاتوون، لە ساڵی 2023 وە وەک بەشێک لە کرداری (ورەی پۆڵاین) بەسەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە بنکەیەکی شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، دامەزراون.

ڕائید مارت فۆلاید، ئەفسەرێکی هێزە ئیستۆنییەکە لە هەولێر، بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاند "ئەرکی هێزەکانی ئێمە پاراستنی کەسایەتییەکانە لە کاتی سەردان و جووڵەیان لە دەرەوەی بنکەکە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروا بەشداریی لە ئەرکی وەڵامدانەوەی خێرا لە کاتی پێویستدا."

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment