ڕاوێژکاری سوودانی بۆ کوردستان24: حکوومەتی هەرێم ئەرکەکانی جێبەجێکردووە

ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، نابێت جیاوازی لەنێوان فەرمانبەرانی عێراق بکرێت و پێویستە بەیەک چاو سەیری فەرمانبەران بکرێت.
حوسێن عەللاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەممووزی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، ڕایگەیاند: بەهۆی هۆکاری هونەری ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق پارەی نەناردووە، ڕێککەوتنی سیاسی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بڕیارەکان لەبارەی مووچە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێن.
حوسێن عەللاوی گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێکردووە و داهاتی نانەوتی ناردووە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، هەروەها گفتوگۆکان لەبارەی لێکتێگەیشتنێکی کردەیی لێکەوتەوە، ئەم ڕێککەوتنەی کراوە زۆر گرنگە.
عەللاوی ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت جیاوازی لەنێوان فەرمانبەران بکرێت و پێویستە بەیەک چاو سەیری هەموو فەرمانبەرانی عێراق بکرێت.
حوسێن عەللاوی جەختی لەوە کردەوە، دەبێت چارەسەرێکی درێژخایەن بکرێت و هەروەها حکوومەتی عێراق وەک نیازپاکی یاسای بودجەی هەموار کردەوە، هەولێر و بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان نیازپاکیان هەیە، دەبێت پابەندییەکی درێژخایەن هەبێت.
دەربارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا نابێت و لێژنەیەکی ڵێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان پێکهێندراوە.