گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەڕێوە دەچێت

بڕیارە شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025، لە ئەستانبۆڵ بە نێوەندگیری حکوومەتی تورکیا، گەڕی سێیەمی گفتوگۆکانی ئاگربەست بۆ جەنگی سێ ساڵەی نێوان بەڕێوە ببەن.
دەربارەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئیستانبۆڵ، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پشێبینی دەکات لە گفتوگۆکاندا شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی لەگەڵ شاندی ڕووسیا بە وردی قسە لە بارەی ئاگربەست بکەن.
هەروەها ئاماژەیداوە لە دانوستانەکە دا، هەوڵی ئازادکردن و گەڕاندنەوەی دیلەکانی جەنگ و منداڵە ڕفێندراوە ئۆکرانییەکان دەدرێت، لەگەڵ ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەیەک لە ئاستی سەرۆکایەتی دا.
زێلێنسکی ئاشكرای کردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێویستیان بە چڕکردنەوەی دانوستانەکانی هەیە، هەربۆیە جەخت لە دیداری تایبەت لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەکاتەوە.
لای خۆیەوە کەناڵی تەرەتەی تورکی بڵاوی کردەوە، ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، "سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش و بەرگریی نیشتمانی دەبێت.
هەروەها کارنامەی دانوستانەکان بریتییە لە ئازادکردنی زیندانیان و گەڕاندنەوەی منداڵە ڕفێنراوەکان و ڕاگرتنی شەڕ.
هەینی 9ـی تەممووزی 2025، زێلێنسکی، ڕایگەیاندبوو، ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی، پێشنیازێکی پێشکەشی ڕووسیا کردووە، کە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوانیان بەڕێوە بچێت. سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کردووە، دەبێت هەنگاوەکان بۆ دانوستان خێرا بکرێن.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: ئێمە لە بەرانبەر کردەوەکانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا بێدەنگ نابین، بەڵکوو بە سەپاندنی سزای زیاتر فشارەکانمان فراوانتر دەکەین.
دوای ئەوە بەریتانیا سزای بەسەر 135 کەشتی ڕووسی و دوو کۆمپانیا سەپاند، بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی نەوتیان بۆ ڕووسیا گواستووەتەوە و لە داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە هاوکار بوونە.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا 50 ڕۆژ مۆڵەتی بە پوتندا بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت و ئاگربەست ڕابگەیەنن.
ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ماوەی 5 مانگی ڕابردوودا، دوو خولی گفتوگۆیان لە ئیستەنبوڵ کردووە، لە دوایین دانوستانەکانی 2ـی حوزەیران سازش لەسەر پرسە گرینگەکان کراوە و ڕێککەوتنی گرنگ لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیش کرا.