پەیامنێری کوردستان24: وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی بۆ خەرجکردنی مووچە کردووە

پەیامنێری کوردستان24 گوتی: کێشەی نەبوونی پارەی نەختینە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارە کراوە. وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی بۆ خەرجکردنی مووچە کردووە و سبەی پارەکە خەرج دەکرێت.
چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتەکە نووسراوی بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە، تەنیا واژۆی بەرپرسی بەشی خەرجکردنی مووچە ماوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، وەزارەتی دارایی عێراق کێشەی نەبوونی پارەی نەختینەی نەماوە، سبەی لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی فەرمی نووسراوەکە واژۆ دەکرێت و مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
لە بارەی کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، دیلان بارزان، گوتی: شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرانی گشتیی ژمێرکاری و بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکانی هەرێمی کوردستان و تیمی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم پێکهاتووە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێڕی فیدراڵی کردووە و ئەمشەویش لە بەغدا دەمێننەوە.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ماوەی دوو هەفتە دانراوە بۆ هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، بۆ ئەوەی وردبینی لە بارەی داهاتی نانەوتی و پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بکەن و، دواتر ڕاسپاردەی کۆتایی بدەن بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
کوردستان24 زانیویەتی، تا ئێستا زیاتر لە 800 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە، بە پێی ڕێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، سێ مانگ دیاریی کراوە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەی تۆمارکردنە تەواو بێت.
لە بارەی ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، دیلان بارزان، ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو حکوومەت ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەرێم 31 هەزار بەرمیل ڕادەست بکات، هەروەها ئەو بڕە نەوتەش وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە نێوخۆی عێراق بەکاری دەهێنێت و لە کاتێکی وەک ئێستا هەناردەی ناکات، تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم بەرز دەکرێتەوە، ئینجا هەناردەی دەکاتەوە.
هەروەها گوتیشی: ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتی بەرز کردەوە، دەبێت ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، بۆ مووچەی مانگی ئایار، حکوومەتی عێراق لاری نییە لەوەی 30 هەزار بەرمیل لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو، حکوومەتی فیدراڵی ڕۆژانە بڕی 230 هەزار بەرمیلی دەوێت، ئینجا مووچە دەنێرێت.