شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکات

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرانی گشتیی ژمێرکاری و بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ کۆببێتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی، سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان؛ هەردوو شاندەکە وردبینی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پشکی حکوومەتی فیدراڵیش لەو داهاتانە دیاری دەکەن. هەروەها بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، پێویستە لە ماوەی دوو هەفتەدا کارەکانیان تەواو بکەن.
ڕۆژی سێشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەقی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدای بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە: "تیمێکی کار لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم پێک دێت، بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و وردبینی و دیاریکردنی پشکی حکوومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە، لە مانگی ئایاری 2025ـەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەهاکانی تێکڕای داهاتە نانەوتییەکان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەکانی کە لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم لە کاتی جێبەجێکردنی یاسای بەرکاری بودجەی گشتی فیدراڵەوە پێشکەش کراون. پێویستە ئەم تیمە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات بۆ بڕیاردان لەسەری."
هەرچەندە دوێنێ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە دا، دەستی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاینەگەیاندووە، کە پارەکە خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لەبەر ئەوەی دوێنێ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق درەنگ واژووی لەسەر خەرجکردنی مووچەکەی کردووە و کاتی دەوامیی فەرمانبەران تەواو بووە، نەتوانراوە پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ چاوەڕێش دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هاتنی مووچەکە ڕابگەیەنێت، لیستی مووچە بڵاوبکاتەوە و سبەی چوارشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، دەست بە دابەشکردنی بکات.
دوێنێ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی (2025) کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، تا بەرهەمهێنانی نەوت دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە هەموو نەوتی بەرهەمهاتوو کە نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوتە، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات؛ لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق مووچەی مانگی پێنج و مانگەکانی دیکەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.
کۆتا جار وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبێت، پێش زیاتر لە 80 ڕۆژ بووە؛ کاتێک 13ـی ئایاری ڕابردوو، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاشان وەزارەتەکە دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد.