ئیسرائیل پلانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنی هەیە

میدیا عیبریەکان ڕایانگەیاند، ئیسرائیل پلانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن دادەنێت، تاکوو کۆتایی بە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر تەلئەڤیڤ بهێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، کەناڵی 14ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە "غەززە و یەمەن دوو گۆڕەپانی سەرەکین ماونەتەوە."

لای خۆیەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی بە کەناڵی عیبری ڕاگەیاندووە، "ئێمە تواناکان بنیات دەنێین، هەر کە پلەی سیاسی بڕیارێک دەدات دەزانین چۆن چالاکیان بکەین".

دەشڵێت: ئەوەی لە ئێران لە ماوەی 12 خولەکدا بەدەستمان هێنا، دەزانین چۆن لە یەمەنیش ئەنجامی بدەین.

شەوی ڕابردوو لە میانەی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ دۆخی ناوچەکە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە کە دوو بەرەی کراوە هەن، ئەوانیش کەرتی غەززە و یەمەنن. 

یسرائیل کاتز، بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی هەمەلایەنە لە هەردوو کەرتەکەدا ڕوونکردەوە، لە چوارچێوەی سیاسەتێکی هێرشبەری یەکلاکەرەوەدا، وەک ئەوەی لە ئێران و لوبنان و سووریادا هەیە.

کەناڵە عیبرییەکە لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەدا، یەمەن لە ماوەی بیست مانگی ڕابردوودا گۆڕەپانێکی لاوەکی بووە کە چەندان جار لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر، ئێستا لە پاڵ غەززەدا دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی ناوەندیی و ئێستا لە ئاستی سیاسیدا ئەولەویەتێکی سەرەکی هێرشەکانی ئیسرائیلە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment