پۆلیسی ئێران: لە بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕەکاندا سەرکەوتنمان بە دەست هێناوە

عەقید مەسعود موسەددەق، فەرماندەی یەکە تایبەتەکانی پۆلیسی ئێران
عەقید مەسعود موسەددەق، فەرماندەی یەکە تایبەتەکانی پۆلیسی ئێران

فەرماندەی یەکە تایبەتەکانی پۆلیسی ئێران ڕایگەیاند، لە بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕاندا سەرکەوتنێکی بێوێنەمان بە دەست هێناوە. ئێمە توانیمان بە باشترین شێوە بەرەنگاری ئەو کەسانە ببینەوە کە دەیانویست ئارامیی کۆمەڵگە بشێوێنن.

عەقید مەسعود موسەددەق، فەرماندەی یەکە تایبەتەکانی پۆلیسی ئێران، بە پەیامنێری ئاژانسی ئیلنا ی ڕاگەیاند "پۆلیسی ئێران، بۆ پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵگە و هاووڵاتیان هەمیشە ئامادەیە و لە ڕۆژانی جەنگی 12 ڕۆژەشدا، کارامەیی و توانای هێزەکانمان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوو."

فەرماندەی گشتیی یەکە تایبەتەکانی پۆلیسی ئێران، گوتی: ئێمە بە وردی و هۆشیارییەوە بەرەنگاری ئەو سیخوڕە دەرەکیی و ناوخۆییانە بووینەوە کە دەیانویست ئارامیی کۆمەڵگە بشێوێنن و توانیمان ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر بکەین. وەک دەزانن، بەشێک لە ئەرکەکانی ئێمە دابینکردنی ئاسایش بووە لە شارەکاندا، بە هەوڵ و تەقەللای دڵسۆزانەی فەرماندە و ئەندامانی پۆلیس، توانیمان ئاسایشێکی سەقامگیر لە وڵاتدا دابین بکەین و بۆ ئەمەش شەو و ڕۆژ، بەردەوام ئامادە بووین.

عەقید موسەددەق، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: هەندێک لەو هاووڵاتییە بیانیانەی بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە ئێران دەژیان، لە لایەن کارمەندانی ئێمەوە دەستگیر کران و پاش ئەوەی دەرکەوت هیچ چالاکییەکی سیخوڕی، یان تێکدەرانەیان نەبووە، بە ڕێزەوە لە ئێران دەرکران.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment