حەماس ستایشی هەوڵەکانی ماکرۆن دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند لە مانگی داهاتوو لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دەوڵەتی فەڵەستین دەناسێنێت، ئەمەش کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا،
حەماس بڕیارەکەی بە "هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و چارەی خۆنووسین بۆ گەلی فەڵەستین" وەسف کرد، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد، شوێنپێی فەرەنسا بگرن و پابەندبوونی خۆی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری فەڵەستینی و قودس وەک پایتەختەکەی دووپاتکردەوە.
لەبەرامبەردا سەرکردەکانی ئیسرائیل ڕەتکردنەوەی توندی خۆیان بۆ هەنگاوەکەی ماکرۆن دەربڕی. لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین "پاداشتی تیرۆر" و "پەیوەندیی و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل" پێکدەهێنێت، هۆشداریشیدا لەوەی کە دەوڵەتی فەڵەستین دەتوانێت ببێتە "وەکالەتێکی نوێی ئێران".
ناتانیاهۆ گوتی: با ڕوون بین، فەڵەستینییەکان بەدوای دەوڵەتێکدا ناگەڕێن شانبەشانی ئیسرائیل، بەڵکو بەدوای دەوڵەتێکدا دەگەڕێن لە جێگرەوەی ئەو دەوڵەتە.
لای خۆیەوە جەدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت: "هەر دەوڵەتێکی فەڵەستینی دەبێتە دەوڵەتێک بۆ حەماس"، لە بەرامبەردا یارێڤ لڤین، وەزیری دادی ئیسرائیل ئەو هەنگاوەی ماکرۆنی بە "پشتیوانی ڕاستەوخۆ بۆ تیرۆر و پەڵەیەک لەسەر مێژووی فەرەنسا" وەسف کرد.
بێزالیل سمۆتریتچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل گوتی: ئەم هەنگاوە "پاڵنەرێکی زیاتر دەدات" بە ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو و کۆتایی بە "وەهمێکی مەترسیداری دەوڵەتێکی تیرۆریستی فەڵەستین" دەهێنێت.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، کنێستی ئیسرائیل بڕیارنامەیەکی ناپابەندکەری دەرکرد و داوای سەپاندنی سەروەری ئیسرائیلی بەسەر کەناری ڕۆژئاوادا کرد.
ڕەخنەکان تەنیا لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسادا سنوردار نەبوون، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنیشیان گرتەوە. نەفتالی بینێت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، بڕیارەکەی ماکرۆنی بە "داڕوخانی ئەخلاقی" وەسف کرد، لە کاتێکدا ئەڤیگدۆر لیبرمان، سەرۆکی پارتی 'ئیسرائیل بیتنا'، داننان بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی بە "پاداشتێک بۆ تیرۆر و هاندانێک بۆ حەماس" زانی.