سعوودیە پێشوازی لە گوتەکانی ئیمانوێل ماکرۆن دەکات بۆ دانپێدانان بە وڵاتی فەڵەستین

سعوودیە پێشوازی لە گوتەکانی سەرۆکی فەرەنسا دەکات، بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین و بە بڕیارێکی مێژوویی ناودەبات.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند: پێشوازی لە گوتەکانی ئیمانوێل ماکڕۆن سەرۆکی فەرەنسا دەکەین لە بەرانبەر ئەوەی نیازی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین و بە بڕیارێکی مێژووی ناودەبات.
هەروەها ستایشی ئەم بڕیارە مێژووییە دەکات بۆ کۆدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر سنووری 1967.
دوێنێ پێنجشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند: لە پێناو جێبەجێکردنی پابەندبوونی مێژوویی خۆی بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڕیارم داوە، فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت. ئەمە بە فەرمی لە میانەی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنم.
دوای گوتەکانی سەرۆکی فەرەنسا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: بریاری فەرەنسا بۆ بە فەرمی ناساندنی فەڵەستین، بڕیارێکی هەلنەسەنگێندراوە و ئەم بڕیارە خزمەت بە حەماس دەکات و پرۆسەی ئاشتی بەرە و دواوە دەبات.
لەکۆی 193 وڵاتی جیهان، 147 یان فەڵەستینیان وەکو دەوڵەت ناساندووە.