ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

وەزارەتی ناوخۆی عێراق زیاتر لە 500 شوێنی بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە داخست و هاوکات بڕیار وایە ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی پارێزگای کوت بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: بەشی زۆری مۆڵەکان لە بەغدا مەرجی سەلامەتییان نییە، سووتانی مۆڵ و شوێنە بازرگانییەکان لە شارەکانی عێراق ساڵانە لە وەرزی هاوین دووبارە دەبێتە بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی، ئەمەش نیگەرانی لە شەقامی عێراقیدا دروستکردووە، بڕیار وایە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی فراوان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

هەروەها وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری داخستنی سەرجەم ئەو شوێنانەی داوە، کە مەرجی سەلامەتییان نییە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لە ماوەی پێنج ڕۆژ دا لە بەغدا زیاتر لە 500 دووکان و مۆڵ و مارکێت و باڵەخانە بازرگانییەکان کە سیستەمی ئاگرکوژێنەوەیان نییە داخراون.

 ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی تەممووز، لە هایپەرمارکێتێکی شاری کوت کە ماوەی هەفتەیەک بوو کرابوویەوە، ئاگر کەوتەوە و نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەستدا کە ئافرەت و پیاو و منداڵی تێدابوو.

لە دوای ئەم ڕووداوە،خۆپیشاندانی فراوان لەشارەکە دەستیپێکرد و هاووڵاتییان داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسانی شارەکەیان کرد، لێژنەی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بە ڕاگرتنی کاتی 17 بەرپرس و فەرمانبەر و سێ ئەفسەر لە پارێزگاکە، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment