ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی پێشینەی هاوسەرگیریی منداڵانی شەهید، ئەنفال و زیندانییانی سیاسی دەرکرد

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی دارایی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ پێشیینەی هاوسەرگیری دەرکرد، کە پێشتر لەڕێگەی بانکەکانەوە لێی سوودمەند بوون.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کارووباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەمڕۆ هەینی 25ـی تەممووزی 2025، تایبەت بە کوردستان24 گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی دارایی کەسوکاری شەھیدان و زیندانییانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ کچ و کوڕی شەھیدان و زیندانییانی سیاسیی لە پێشینەی ھاوسەرگیری دەرکرد، کە پێشتر لەڕێگەی بانکەکانەوە، لە وەرگرتنی پێشینە سوودمەند بوون.
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت: لە دەرەوەی پێشینەی وەزارەت، کوڕ و کچی شەھیدان پێشینەی ھاوسەرگیرییان لە بانکە ئەھلییەکانیش وەرگرتووە، ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە ھەر کوڕ و کچێکی شەھید پێشینەی ھاوسەرگیریی لە بانک وەرگرتبێت، لێخۆشبوونی بۆ دەردەکرێت و بڕیارەکە زیندانییانی سیاسیش دەگرێتەوە، تەنیا یەک مەرج ھەیە، کە پێویستە پێشتر ئەو کەسە لە هیچ پێشینەیەکی دیکەی حکوومەت سوودمەند نەبووبێت.
پێشتر لە 11ـی ئایاری 2025، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بە کۆی دەنگ دوو پێشنیازیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەسەند کرا، کە تایبەت بوون بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستيیە تایبەتەکان، کە پێش ساڵی 2013 لە وەرگرتنی پێشینەکە سوودمەند بوون. لەگەڵ لێخۆشبوون لە قیستە ماوەکانی سەر سوودمەندانی کۆچکردووی قەرزی بچووک، لە ساڵانی پێشوو بۆ پرۆژەی مامناوەمد قەرزیان پێدرا بوو.