ناتانیاهۆ: بە دوای ڕێگەیەکی دیکە دەگەڕێین بۆ ئازادکردنی بارمتەکان

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: لەگەڵ ئەمەریکا بە دوای ڕێگەیەکی دیکە دەگەڕێین بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، بە بێ ئەوەی پێوێست بکات لەگەڵ حەماس ڕێککەوین.
هەینی 25ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەر وەک ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندبوو، "حەماس بەربەستە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان".
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێستا بە هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا، بە دوای بژاردەیەکی دیکە دەگەڕێین بۆ ئەوەی ببێتە ڕێگەیەکی جێگرەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، بە بێ ئەوەی پێویست بکات لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ڕێککەوین.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، حەماس نایەوێت ڕێککەوتن لەبارەی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان بکات، بەڵکوو مردنی دەوێت، بۆیە پێم وایە ئەو بزووتنەوەیە دەڕووخێت.
دەشڵێت: گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان لە غەززە قورسە، چونکە حەماس دەزانێت کە هیچ کارتێکم بۆ سازشکردن نییە.
ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، دانوستانەکان لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان و ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستی غەززە گەیشتە بنبەست، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس وەڵامی خۆی بۆ دوایین پێشنیازی ئاگربەست پێشکەش کرد. لەو بارەیەوە ویتکۆفیش گوتبووی: حەماس ئامادە نییە بۆ ڕێککەوتن و تیمی دانوستانکاری خۆمان لە دەوحە بانگهێشتی واشنتن کردووەتەوە.