کۆنگرێسمانێک: چەوساندنەوەی پێکهاتەکان لە سووریا، بە تەواوی زۆردارییە

لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، ژمارەیەک لە ئاشوورییەکانی دەشتی نەینەوا کە چەندین ساڵە بۆ ئەمەریکا کۆچیان کردووە، یادی ڕۆژی شەهیدانی ئاشوورییەکان دەکەنەوە، کە کورد، پێکهاتەکانی سووریا و ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا تێیدا ئامادەبوون و باسیان لە پێشێلکاری بەرانبەر بە پێکهاتەکان بەتایبەت لە سووریا کرد.
ئاندی ڕیگس، ئەندامی کۆنگرێسە و نوێنەرایەتی ویلایەتی ئەریزۆنا دەکات بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: لە زۆر شوێن دەبینین پێکهاتەکان و ئاینزاکان ئەشکەنجە دەدرێن و دەچەوسێندرێنەوە، ئەمەش بەتەواوی زۆردارییە. ئاماژەشی دا، ئاگادارە کە حکوومەتی ئەمەریکا داوای لە دیمەشق کردووە، دەبێت ئەو مامەڵەیە لەگەڵ پێکهاتەکان بووەستێنن.
باسی لەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرکی ئەمەریکا هەوڵ دەدات دۆخی سووریا ئاسایی بکاتەوە. هاوکات دەمانەوێت ئیدارەی ترەمپ بەلایەنی کەمەوە لە ڕێگەی دیپلۆماتییەوە گرنگی بەم پرسە بدات.
نەدیم مەیزنە، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ئازادیی ئایینەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: ئێستا ئەمەریکا کاریگەریەکی زۆری لە سووریا هەیە، بۆیە دەبێت هەوڵ بدات مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
ئاماژەشی دا، هۆکاری کێشەکان لە سووریا یاساکانیەتی کە مافی پێکهاتەکان پەراوێز دەخات، بۆیە پێویستە دەستوور و یاسا بگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سزاکانی لەسەر دیمەشق سووک کرد، بۆئەوەی هەلێک بە هاووڵاتییانی سووریا بدات وڵاتەکەیان بنیاتبنێنەوە، بەڵام ئەمەریکا لەدۆخی ناوخۆی سووریا نیگەرانە و داوا لە تەواوی پێکهاتەکانی سووریا و دیمەشق دەکات پابەندی ئاگربەست بن.