ڕوبیۆ: ترەمپ هێشتا دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئێستاش دەیەوێت جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا چارەبکات و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
ڕوبیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕاشیگەیاند، ئەمە شەڕی ترەمپ نییە، بەڵام دەیەوێت کۆتایی پێبێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت: کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بنێن و سەرۆک زۆر بە ڕوونی ڕایگەیاندووە 'ئارامی نەماوە'، بەدەست جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
لای خۆیەوە ستیڤن ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بە فۆکس نیوز ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، دەیەوێت پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی، ئۆکرانیا و ڕووسیا بگەنە ڕێککەوتن و ئاشتییەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار بێت.
ویتکۆف، لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: دەمانەوێت کێشەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا چارە بکەین و بگەینە ڕێککەوتنی ئاشتی ئەوەش شتێکە کە دەبێت ڕووبدات.
ڕۆژی چوارشەممە 23ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسی بڵاوی کردووەتەوە، گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبول کرا.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 8:37 خولەکی ئێوارە دەستی پێ کرد و نزیکەی 40 خولەکی خایاند.
ئەو دوو وڵاتە سێ خولی گفتوگۆیان لە ئیستەنبوڵ کردووە، لە دوایین دانوستانەکاندا سازش لەسەر پرسە گرینگەکان کراوە و ڕێککەوتنی گرنگ لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانیش کرا.
هەروەها پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا 50 ڕۆژ مۆڵەتی بە پوتندا بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت و ئاگربەست ڕابگەیەنن.