سەربازیی زۆرەملێ قەیرانی کەمبوونەوەی دەستیکار لە ئەڵمانیا دروست دەکات

حکوومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت سەربازیی زۆرەملێ بسەپێنێتەوە، خاوەنکارانیش ناڕەزایی بەرانبەر بڕیارەکە دەردەبڕن و دەڵێن، پێویستە بەر لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بیر لە میکانیزمی پڕکردنەوەی بۆشاییەکە بکرێتەوە.
لەنێوان پێویستی بەهێزکردنی لایەنی بەرگریی و پێویستییەکانی ئێرباک بۆ بازاڕی کار، ئەڵمانیا دەیەوێت سەربازیی زۆرەملێ پەیڕەو بکات کە هەزاران گەنج دەگەڕێنێتەوە خزمەتی سەربازیی، ئەمەش دەکەوێتە نێوان پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و گەشەسەندنی ئابووری.
شتیڤن کامبیتەر، لە فیدراسیۆنی فیدراڵی خاوەنکارانی ئەڵمانی ڕایگەیاند: ئابووری ئەڵمانیا بەرگەی ئەوە ناگرێت ئەو هەزاران گەنجە بچنە نێو سوپا و پابەندی بڕیاری سەربازیی زۆرەملێ ببن بەرلەوەی بیر لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکە بکرێتەوە کە دروست دەبێت لە بازاڕی دەستی کاردا.
14 ساڵە حکوومەتی ئەڵمانیا سەربازیی زرەملێی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام هەڵینەپەساردووە، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی ڕایگرتبوو، بەڵام ئەم بڕیارەی تا ئەوکاتە ڕاگرتووە کە هیچ حاڵەتێکی ئاڵۆزی لە وڵاتەکە ڕووی نەداوە، هەر لەو کاتەوە گەنجانی ئەڵمانیا هیچ پشکنینێکیان بۆ بوون بە سەرباز نەکردووە، چونکە تا ئێستا ناوەندەکانی پشکنینیش بۆ ئەم پرسە نەکراونەتەوە.
بۆریس بیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دەڵێت: ئێستا گۆڕانکارییەک لەدۆخی ئەورووپا هاتووەتە کایەوە، بە ڕای زۆرینەی شارەزایانی سەربازیی نێودەوڵەتی، پێویستە پێشبینی ئەوە بکەین کە ڕووسیا دەتوانێت هێرش بکاتە سەر وڵاتانی هاوپەیمانیی ناتۆ و وڵاتانی دەورووبەر.
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، خواستی ئەوەیان هەیە هەندێ ڕێکار بگرنە بەر بۆ پێشگریی لەو هێرشە چاوەڕوانکراوانەی ڕووسیا، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سەربازیی زۆرەملێ، ئامانجی ئەم ڕێکارەش گەیشتنە بە چارەسەرێک لەنێوان خزمەتی بە ئارەزوو لە سوپای ئەڵمانی، لەگەڵ خزمەتی زرەملێ کە دەوڵەت دەیسەپێنێت.
ئێستا 180 هەزار کەس لەنێو سوپای ئەڵمانیادا خزمەتی سەربازیی دەکەن، بڕیاریشە سەدا 10 ڕێژەی ئەو سوپایە زیاد بکرێت و لەماوەیەکی کورتدا بیگەیەننە 203 هەزار سەرباز، ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمز بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ئەڵمانیا پیویستی بە نزیکەی 80 هەزار سەرباز هەیەی زیاتر هەیە بۆ 10 ساڵی داهاتوودا بۆ پشتیوانی کردنی زیاتری هاوپەیمانیی نێودەڵەتی(ناتۆ).