ئەمەریکا پەنابەران و کۆچبەرانی ئێرانی دەردەکات

لەگەڵ دەستپێکی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ و جێبەجێکردنی سیاسەتە توندەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆچ، دیپۆرتکردنەوەی ئێرانییەکان بە ڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادی کردووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی بی بی سی "دیپۆرتکردنەوەی ئێرانییەکان لە ساڵی 2025 دا دە هێندەی شەش ساڵی پێشوو زیاتر بووە. هاوکات، دەستگیرکردنی ئێرانییەکان، بەتایبەتی دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە."

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا لە چوار ڕۆژی دوای هێرشەکەی ئەمەریکا لە 22ی مانگی ڕابردوو، %25ـی کۆی ئەو ئێرانیانەی لە شەش مانگی یەکەمی دەسەڵاتی ترەمپدا گەیشتوونەتە ئەمەریکا، دەستگیرکراون.

ئەوانەی دەستگیر یان دیپۆرت دەکرێنەوە کێن؟

زۆربەی ئەو ئێرانیانەی دیپۆرت کراونەتەوە، لە سنووری مەکسیکەوە گەیشتوونەتە ئەمەریکا و بە شێوەیەکی یاسایی داوای مافی پەنابەرییان کردووە. سەرەڕای ئەوەی لانیکەم یەک لە سێی ئەو ئێرانییانە، بە پۆلیسی ئەمەریکایان ڕاگەیاندووە، کە لە ئەگەری گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران، ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، سەرباری ئەمەش هەر دیپۆرت کراونەتەوە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە. جگە لەوانە، هەندێکیان ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم کراون، وەک ڕۆمانیا، کۆستاریکا، و تورکیا. 

ڕەزا زەوار، کەسێکی بە ڕەچەڵەک ئێرانییە و لە تەمەنی 12 ساڵییەوە لە ئەمەریکا دەژی، بەڵام دوای 40 ساڵ، مەترسی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ڕۆمانیا لەسەرە.

بە پێچەوانەی بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە دەیگوت تەنیا "خراپترینەکان و تاوانباران" دیپۆرت دەکرێنەوە، داتاکانی ساڵی 2025 دەریدەخەن کە 90%ـی ئێرانییە دیپۆرتکراوەکان هیچ تاوانێکیان نەکردووە. نزیکەی %41 یان بە بیانووی ئەوەی "بوونیا‌ن دژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکایە" دەرکراون، لە کاتێکدا 85% یان هیچ دەرفەتێکیان پێ نەدراوە لە دادگا بەرگری لە خۆیان بکەن و بەپەلە دیپۆرت کراونەتەوە.

چیرۆکی مرۆیی لە پشت ئامارەکانەوە

مێهراد ئەسەدی، یەکێکی دیکە کە بەر شاڵاوی سیاسەتی نوێی ترەمپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەران کەوتووە و سێ ساڵ لەمەوبەر بە یاسایی وەک پەناخوازێک چووەتە ئەمەریکا و مۆڵەتی کار و هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەرگرتبوو، بەڵام ڕۆژێک لە بەردەم ماڵەکەیدا دەستگیر کراوە و بۆ ماوەی 57 ڕۆژ لە زیندانێکی تایبەت لە ویلایەتی ئاریزۆنا هێڵدراوەتەوە. لەو ماوەیەدا دووجار مانی لە خواردن گرتووە و زیاتر لە 15 کیلۆ لە کێشی دابەزیوە؛ ئەفسەری دۆسییەکەی بە پارێزەرەکەی مێهرادی گوتووە، کە دەستگیرکردنەکەی "هەڵە بووە"، بەڵام هێشتا ئازاد نەکراوە. لەم ماوەیەشدا مێهراد خانوو و ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست داوە.

سیستەمێکی فراوانی دەستگیرکردن

ئەمەریکا خاوەنی گەورەترین سیستەمی دەستگیرکردن و چاودێریی پەناخوازانە لە جیهاندا، کە زۆربەی 90% زیندانەکانی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن. حکوومەتی ترەمپ بودجەیەکی 170 ملیار دۆلاری بۆ سیاسەتەکانی کۆچ تەرخان کردووە، ئەمەش وایکردووە بودجەی پۆلیسی کۆچ لە بودجەی پۆلیسی فیدراڵی زیاتر بێت و ببێتە بەهێزترین دەزگای ئەمنی ئەمەیرکا. 
چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە قازانجی دارایی کۆمپانیا تایبەتەکان بووەتە هۆی ئەوەی ئەم سیستەمە وەک هۆکارێک بۆ توقاندنی نەک پەنابەران، بەڵکو هاووڵاتیانی ئاسایی ئەمەریکاش بەکار بهێنرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment