ژینگەپارێزێکی دیکەی شاری سنە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا

بابەک هەدایی، سەرۆکی ناوەندی فریاکەوتنی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، دووشەممە 28ـی تەممووز، سێیەمین ژینگەپارێزی شاری سنە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا
هەدایی، بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ی ڕاگەیاند، خەبات ئەمینی، ژینگەپارێز، پاش ئەوەی لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی کێوی ئاویەر، بە سەختی بریندار بوو، ئەم بەیانییە گیانی لەدەستدا
سەرۆکی ناوەندی فریاکەوتنی پارێزگای سنە، هەروا گوتی: هەشت برینداری دیکەی ئاگرەکە، لە نەخۆشخانەی کەوسەر لە سنە، چارە دەکرێن.
ڕۆژی هەینیی ڕابردوو حەمید مورادی، شەوی ڕابردووش چیاکۆ یووسفینەژاد و ئەمڕۆش خەبات ئەمینی، کە هەرسێکیان ژینگەپارێز بوون و لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی کێوی ئاویەر بریندار بوون، لە ئەنجامی سەختیی برینەکانیاندا گیانیان لەدەستدا.