شەڕ و پێکدادانەکەی نێوان حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەکانی بەغدا، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە

ڕووداوی شەڕ و پێکدادانەکەی نێوان حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەکانی بەغدا لە نێو فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرخ، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

هاوشێوەی فیلمەكان گرووپێکی حەشدی شەعبی چوونە سەر باڵەخانەی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کەرخی بەغدا و فەرمانبەرەکانیشایان بە بارمتە گرتبوو، دوای ڕوبەروبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ پۆلیس، شۆفێرێکی تەکسی و ئەفسەرێکیان کوشتوو و12  کارمەندی دیكەی هێزە ئەمنیەکانیان بە بە گولـلە بریندارکرد، داوتریش هەڵهاتن. 

ئەنوار موسەوەی  شارەزای ئەمنیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا کامیرای چاودێریان هەیە دەزانن ئەو چەکدارانەی حەشد لە چ بارەگایەکەوە هاتوون، بۆ هەموویان دەستگیرناکەن؟ تاکو شکۆ بۆ خۆیان بگەڕێننەوە لە لای هاووڵاتیان، چونکە بەڕاستی حکوومەت شکۆی شکاوە، مۆڵەتی چەکیان بە میلشیا داوە و چەکەکان دژ بە هاووڵاتی و دەوڵەت بەکاردەهێننەوە، بۆ ناچن بارەگا و زەویەکانیان لێوەگرنەوە بۆ ناتوانن ئەمە پرسیارە.

سەلام جابر، هاووڵاتی دەڵێت: دەبێت هاووڵاتی ئاسایشی بۆ دابین بکرێت، هەر کەسێک ئەبینی چەکی پێیە خەڵک لە شەقامدا و بە بەرچاو خەڵکی دیكە دەکوژن، دەچنە سەر دامودەزگاکانی دەوڵەت دەچنە سەر بانکەکان، زۆر ئاسانە خەڵک کوشتن لەم وڵاتە، حکوومەت دەبێت کۆنترۆڵی چەکەکانیان بکات بێزاربووین.

لای خۆیەوە حەسەن مەجید، هاووڵاتی دەڵێت: حەشدی شەعبی بە ئارەزووی خۆیان شەڕ ئەکەن، دەچنە فەرمانگەکانەوە بە دڵی خۆیان بەڕێوبەر دادەنێن و قسەش بکەی دەتکوژن، وەڵا ئەمە قابیلی قوبوڵ نییە، ئەم گرووپە چەکدارانە حساب بۆ بۆ هێزە ئەمنیەکان و حکوومەتیش ناکەن بە تایبەت حەشد.

پاش ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاردەدات، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کەرخ بگۆڕێت، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک زەوی کشتوکاڵی داوەتە حەشدی شەعبی، دواتر حەشدیش بەم ئاڵوڕگۆڕە ڕازی نابێت و ڕێگا نادەن بەڕێوبەرە نوێکە دەستبەکار بێت و لە نێو فەرمانگەکە شەڕ و ئاڵۆزی دروست دەبێت.

 
 

Fly Erbil Advertisment