ترەمپ هۆشداری ڕوودانی سونامی دەداتە دانیشتوانی هاوای و ئالاسکا

دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دایە دانیشتوانی ویلایەتی هاوای و ئالاسکا لە ئەگەری ڕوودانی سونامی، ئەم هۆشدارییەش دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دێت کە زەریای هێمنی لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا گرتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پلاتفۆڕمی 'Truth Social' هۆشداری ئەگەری ڕوودانی سونامی دایە ویلایەتی ئەلاسکا و هاوای لە کەنارەکانی زەریای هێمن، هەروەها گوتیشی: ژاپۆنیش لە مەترسیدایە.
سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە هاووڵاتیان کرد سەردانی ماڵپەڕی (tsunami.gov) بکەن، بۆ وەرگرتنی نوێترین زانیاریی، بە دانیشتوانی ئەو ناوچە مەترسیدارانەشی گوت "بەهێز و سەلامەت بمێننەوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 8.8 پلە بە پێوەری ڕێختەر کەناراوەکانی نیمچە دوورگەی کامچاتکای ڕۆژهەڵاتی ڕووسیای گرتەوە، هەروا هۆشدارییش لە بارەی ڕوودانی سونامی لەو ناوچەیە دراوە.
دەستەی ڕووپێوی و جیۆلۆجی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ناوەندی بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ بە دووری 119 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکی، بە قوڵایی 20 کیلۆمەتر کەوتووە.