ئەنجوومەنی وەزیران: لیستی مووچەی مانگی حوزەیران ڕەوانەی بەغدا کراوە

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فيدراڵ کراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغدا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات. ئەنجوومەنەکە لە بارەی نەوتەوە دەڵێت: ئەو بڕەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تاوتوێکردنی دوا هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران و تەمموزی 2025 بوو لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و بە دواداچوونی کاری لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە پێی دوا بڕیاری هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم.

"لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، ڕەوانەی بەغدا کراوە"

لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری، ڕاپۆرتێکی لەسەر پۆلێنكردنی داهاتە گشتیيەکان لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی جۆری داهات و سەرچاوەکەی و بنەمای یاسایی وەرگرتنی خستەڕوو، کە مانگانە بە شێوازێکی ڕوون و شەفافانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، پێشکەشی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە و بە بەردەوامیش لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری داراییشی وردبینی بۆ کراوە.

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە دا، کە نوێنەرەکانی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی هاوبەشی هەردوولا بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لەم داهاتانە، هاوکار بوون لە سەرخستنی کاری لیژنەکە و پشتبەست بە دەستوور و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی و یاسای بودجەی سێ ساڵە، بە وردیی پێشنیاری هەرێمیان لەم بارەیەوە ئامادە کردووە.

هاوکات ڕوونی کردەوە، کە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فيدراڵ کراوە و ئەرکی وەزارەتی دارایی عێراقە کە لە بەرامبەردا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.

"ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەکردن، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت"

ئەنجوومەنی وەزیران، دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و تيمی دیوانی چاودێری دارایی و دانوستان لەگەڵ بەغدا کرد بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و هەوڵ و کارکردنیان لەم بارەیەوە.

ئەنجوومەنەکە ئەو تێڕوانینەی وەزارەتی دارایی پەسەند کرد سەبارەت بە پۆلێنکردنی داهاتەکان لە چوارچێوەی ئەو دەقە دەستووریی و یاساییانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو. نوێنەرانی هەرێمی کوردستانيشی لە لیژنە هاوبەشەکە لەگەل حکوومەتی فیدڕاڵ ڕاسپارد کە گفتوگۆی ئەم تێڕوانینە لەگەڵ هاوتاکانیان لە لیژنەکە بکەن، تا وەکوو لە نزیکترین دەرفەتدا، دۆسیەی داهاتی نانەوتی یەکلایی ببێتەوە بە گوێرەی ئەو ڕێکارە هاوبەشەی لە بڕیاری هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵدا هاتووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنەکە،  کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت)، بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەر ڕۆشنایی دوا بڕیاری هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیای نەوتی بەرهەمهێنەری ئەو بڕە نەوتە دەگرێتە ئەستۆ کە بە گوێرەی بڕیاری هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم بۆ مەبەستەکانی بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێم، تەرخان کراوە.

دەشڵێت: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردە و لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکان بەرهەم دەهێنرێت، ڕادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەکرێت بە مەبەستی هەناردەکردنی لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە.

"هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری بووە لە بارەی دۆسیەی نەوت و داهاتی نا نەوتی"

ئەنجوومەنەکە دووپاتی کردەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەسەر پابەندبوون بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان خۆی حکوومەتی فیدراڵ، بۆیە لەم چوارچێوەیەش دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵ مووچەی مانگی حوزەیران و دواتریش مانگی تەمموز خەرج بکات، هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری بووە لە بارەی دۆسیەی نەوت و داهاتی نا نەوتی.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیشتیوانی سەرخستنی لەیەکگەیشتنی هاوبەشی نێوان خۆی و حکوومەتی فیدراڵ دەکات، کە پێشتر لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولاوە پەسەند کراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment