حزبوڵڵای لوبنانی: چەکەکانمان ڕادەست ناکەین

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، دەڵێت: هەر کەسێک داوای ڕادەستکردنی چەکەکانمان بکات، خزمەت بە پرۆژەی ئیسرائیل دەکات.
چوارشەممە، 30ـی تەممووز، نەعیم قاسم،ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، ڕایگەیاند "گفتۆگۆ دەربارەی چەکەکانمان بەندە بە کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان. هەر کەسێک ئێستا داوای ڕادەستکردنی چەکەکانمان بکات، دوای ڕادەستکردنی بە ئیسرائیل دەکات."
قاسم، بە توندی ڕەخنەی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، گرت و گوتی: ئەم پیاوە کێشە لە وڵاتەکەماندا دروست دەکات و ڕاستییەکان دەشێوێنێت. باراک تووشی سەرسوڕمان بووە لە یەکگرتوویی هەڵوێستی فەرمیی لوبنان لەسەر پێویستیی وەستانی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل، پێش ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پرسی چەک بکرێت.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، ڕەتی کردەوە کە ڕێککەوتنی ئاگربەست باکووری ڕووباری لیتانی بگرێتەوە و گوتی: ئێمە یارمەتی دەوڵەتمان داوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کە تەنها لە باشووری ڕووباری لیتانییە و گریهەرکەسێک ئاگربەست بە ڕادەستکردنی چەکەوە ببەستێتەوە، دەبێ بزانێت کە ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە.
قاسم لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: با دەستدرێژییەکان بوەستن و ئیسرائیل بکشێتەوە و دیلەکان بگەڕێنرێنەوە، دواتر جوانترین گفتوگۆ و وەڵامدانەوەمان لێ وەربگرن.
هەروەها گوتیشی: "ئێمە شێوازی تێکۆشان بۆ ڕزگاریی خاک بە ئامرازی دیاریکراو کە تەنها دژی ئیسرائیلە، کار دەکەین و شێوازی کاری سیاسی بۆ بنیادنانی دەوڵەتە و هیچ شێوازێک بەسەر ئەوی تردا زاڵ ناکەین".
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی، بۆ جارێکی تر، بەرپرسیارەتی ئاوەدانکردنەوەی خستە ئەستۆی دەوڵەتی لوبنان و گوتی: پێویستە دەوڵەت دوو ئەرکی سەرەکی جێبەجێ بکات، ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان بە هەموو شێوەیەک و ئاوەدانکردنەوەی وڵات.