ئەمڕۆ پارتە سیاسییەکانی تورکیا ناوی ئەندامانیان پێشکەشی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەکەن

ئەمڕۆ پارتە سیاسییەکانی تورکیا ناوی ئەندامانیان پێشکەشی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەکەن و چاوەڕێ دەکرێت، هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجام بدرێت.
کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، دوا وادەیە بۆ پارتە سیاسییەکانی تورکیا تا ناوی ئەندامانی خۆیان پێشکەش بەو کۆمیسیۆنە بکەن کە بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دابمەزرێنرێت.
تاوەکوو ئێستا تەنیا پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ناوی ئەندامانی خۆیان پێشکەشی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا کردووە؛ بەڵام چاوەڕێ دەکرێت، هەر ئەمڕۆ، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتە سیاسییەکانی دیکەش، ناوی ئەندامەکانیان پێشکەش بکەن.
یەکێک لەو پارتە سیاسییانەی بەشدارییان لە کۆمیسیۆنەکە یەکلانەببووەوە، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بوو؛ بەڵام دوێنێ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، ناوی ئەندامەکەیان ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن و بەشداریی کۆمیسیۆنەکە دەکەن.
سەرۆکی جەهەپە گوتیشی: ئەوەی پێویستە بزانرێت، ئەم کۆمیسیۆنە کۆمیسیۆنێک نییە دەستوور هەموار بکاتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بڕیارەکانی دادگای دەستووری جێبەجێ ناکەن دەستووری نوێ داناڕێژین. باسی لەوەش کرد "کەس لەو کۆمیسیۆنە نەترسێت کە جەهەپەی تێدا ئامادەیە، بەڵکوو دەبێت ترسییان لەو کۆمیسۆنە هەبێت کە جەهەپە لەنێودا نییە."
هەفتەی ڕابردوو نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە نووسراوێکی فەرمی لایەنە سیاسییەکانی ئاگادار کردەوە، تا کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، کاتیان لەبەردەستە، ناوی ئەندامەکانیان پێشکەش بکەن بۆ کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان کە 51 ئەندامی بۆ دەستنیشان کراوە.
ژمارەی ئەندامانی لایەنەکان لە نێو کۆمیسیۆنەکە بەم شێوەیە دیاری کراون:
1. پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی): 21 ئەندام.
2. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە): 10 ئەندام.
3. پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی): چوار ئەندام.
4. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە): چوار ئەندام.
5. ئیی پارتی: سێ ئەندام.
6. هاوپەیمانیی یەنی یۆل (لە سێ فراکسیۆن پێکهاتووە): سێ ئەندام.
7. ئەو پارتانەی فراکسیۆنیان لە نێو پەرلەمان نییە: یەک ئەندام.
لە کۆمیسیۆنەکەدا سێ کورسی بۆ "ئیی پارتی" دەستنیشان کراون، بەڵام پارتەکە ڕایگەیاندووە بەشداریی کۆمیسیۆنە ناکات؛ بەم پێیەش ئەو سێ کورسییە بە بەتاڵی دەمێننەوە، بە کەس پڕ ناکرێنەوە و کۆی گشتیی ژمارەی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە دەبنە 48 کورسی.
هەرچەندە هیچ وادەیەک بە فەرمی دیاری نەکراوە، بەڵام میداکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، هەفتەی داهاتوو، ڕۆژی دووشەممە یان سێشەممە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و ناوەکەی لە یەکەم کۆبوونەوەدا دیاری دەکرێت.
تا ئێستا لایەنە سیاسییەکانی لەسەر ناوی کۆمیسیۆنەکە ڕێکنەکەوتوون؛ دەم پارتی جەخت دەکاتەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک وشەی "تیرۆر" لە ناوەکەیدا هەبێت. دووپاتیش دەکاتەوە، ئەگەر بڕیارە چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ پرسی کورد بدۆزرێتەوە، پێویستە لەسەر بنەمای ناوی ئاشتی ڕاستەقینە و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بێت، نەک گوزارشت لە تیرۆر و سیاسەتی ئەمنی بکات.