عەبادی بۆ کوردستان24: ڕەنگە یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بکرێت

سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق جەخت دەکاتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان "بێ ئاگایە" و دەشڵێت: ڕەنگە یاری بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بکرێت.
حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی (نه‌سر)، له دیدارێكی میدیاییدا، کە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـیش ئامادەی بوو؛ باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران، شەڕی ئێران و ئیسرائیل، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و چەند پرسێکی دیکەی کرد.
هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.
سه‌باره‌ت به‌و هێرشه درۆنییانه، حه‌یده‌ر عه‌بادی، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "له کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەموو سەرکردەکان ڕایانگه‌یاند، ئێمە بێ ئاگاین لەو هێرشانە، ئێمە نین و ناشزانین کێ ئەنجامیان دەدات؟ له‌كۆبوونه‌وه‌كەدا سوودانی توڕەبوو و گوتی، ئەگەر بزانین کێیە و هیچ نەکەین عەیبە؛ نەشزانین کێ ئەنجامی دەدات هەر عەیبەیه بۆ حکوومەت ئه‌وه‌نده بێ زانیاری بێت."
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 11-11-2025، بەڕێوەدەچێت. دوای تەواوبوونی وردبینی لە لیستی کاندیدان، چاوەڕێ دەکرێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری بکات.
له‌باره‌ی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، عه‌بادی ئاماژه‌ی به‌وه دا "بێگومان هه‌ڵبژاردن له واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا به‌ڕێوەده‌چێت و كاته‌كه‌ی ناگۆڕێت، به‌ڵام گومان هه‌یه هه‌ندێك لایه‌ن له ئێستاوه ئاماده‌كارییان بۆ ده‌ستكاریكردنی هه‌ڵبژاردن كردبێت."
بۆ پرسی به‌شداریی سه‌درییه‌كان له هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نه‌سر دووپاتی کردەوە، وه‌ك چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پێشوازی له به‌شداری سه‌درییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان بایكۆتیان هه‌ڵبژاردووه. ڕاشیگه‌یاند "هاوپه‌یمانیی نه‌سر بڕیاری دا‌وه نه‌چنه هه‌ڵبژاردنه‌وه، ئەم هەنگاوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕێژەی بەشداری دەنگدەران و دیمەنی سیاسی داهاتوو هەبێت."
گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە
لەبارەی ئاڵۆزییه هه‌رێمییه‌كانیش، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق ئاشكرایكرد "جه‌نگی نێوان ئێران و ئیسرائیل كۆتایی نه‌هاتووه و ڕه‌نگه له هه‌ر ساتێك‌دا ده‌ست پێ بكاته‌وه." ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران له‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا له‌وانه عێراق، لوبنان و یه‌مه‌ن بوونیان هه‌یه."
له‌باره‌ی دۆخی سووریا، عه‌بادی ئەوەی خستەڕوو "مه‌ترسی هه‌ره گه‌وره له‌سه‌ر عێراق، به‌ره‌ی سووریایه، چونكه ئه‌وه‌ی له سووریا ڕووده‌دات مه‌ترسییه، بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆر زۆر له جه‌نگی نێوان ئێران و ئیسرائیل مه‌ترسیدارتره بۆ عێراق."