ڕووسیا بە چڕی کیێڤی بۆمباران کرد

لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ڕووسیا، بۆ سەر کیێڤ، لانیکەم هەشت کەس کوژران.
پێنجشەممە، 31ـی تەممووز، بەپرسانی سەربازیی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ ڕووسیا بە مووشەک و درۆن هێرشێکی فراوانی کردە سەر کیێڤ، لە ئەنجامدا هەشت کەس کوژران، کە یەکێکیان کوڕێکی تەمەن شەش ساڵانە و 88 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ جگە لە وێرانبوونی ژمارەیەک باڵەخانە.
لەگەڵ هەڵهاتنی خۆردا، تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی کوژاندنەوەی ئاگر و بڕینی بلۆکە کۆنکرێتییەکان بوون بۆ گەڕان بەدوای ڕزگاربوواندا.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاند، ڕووسیا بە زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەشت مووشەک هێرشی کردووەتە سەر کیێڤ.
زێلێنسکی لە پێگەی خۆی لە تێلێگرام نووسیویەتی "ئەمڕۆ جیهان جارێکی دیکە، وەڵامی ڕووسیای بۆ خواستی ئاشتیخوازانەی ئێمە بینی.. بۆیە ئاشتی بەبێ هێز مەحاڵە."
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند "هێرشەکە بۆ سەر فڕۆکەخانە سەربازییەکان و جبەخانەکانی ئۆکرانیا بووە، هەروەها ئەو کارگانەش کە پەیوەندییان بە دابینکردنی کەرەستەی سەربازییەوە هەیە."
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ ڕایگەیاند، نۆ منداڵ بریندار بوونە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی بریندارانی منداڵە لە کیێڤ لە یەک شەودا، لەوەتەی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستی پێ کردووە.