دەم پارتی: کۆمیسیۆن ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتێکی مێژوویی دروستبێت

ئەمڕۆ پارتە سیاسییەکانی تورکیا ناوی ئەندامەکانییان دیاریدەکەن و گوتەبێژی دەم پارتیش ئاماژە بەوە دەکات، کۆمیسیۆن ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتی مێژوویی پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمات یاسایی بکاتە هەمیشەیی.
ئایشەگوڵ گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند: دوای یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسۆنەکە زانیاری لەسەر نەخشەڕێگا و کاری کۆمسیۆنەکە دەدرێت و کۆمیسیۆنەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتی مێژوویی پرۆسەی ئاشتی لەسەر بنەمای یاسایی بکاتە هەمیشەیی.
دامەزراندی کۆمیسۆنی پەرلەمانییەی بۆ ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و دوای ئەوەی لایەنەکان ناوی ئەندامەکانییان دیاریکرد کە نوێنەرایەتییان بکەن لە کۆمیسۆنەکە، هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە بەڕێوەدەچێت.
27ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە میانی بەشداریکردن لە ڕێورەسمێکدا ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی دەهاتوو کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە بڕیارە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت؛ دەست بە کارەکانی دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی کردەوە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەبێتە بنەمای بەهێزکردنی دیموکراسیی تورکیا؛ بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز گفتوگۆ دەکرێن و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەدرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی هەینییەوە، 25ـی تەممووزی 2025، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کردووە ناوی ئەندامانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن کە بڕیارە لە 51 ئەندام پێکبێت.
ڕۆژی هەینی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.