هەوڵدەدرێت بە یاسا خۆپیشاندانی درەنگانی شەو لە عێراق قەدەغە بکرێت

بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ بێتەوە و بڕیار لەسەر قەدەغەکردنی خۆپیشاندان لە کاتژمێر 10:00 شەو تاوەکوو 7:00ـی بەیانی بدات، هاوکات ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، بۆ ڕێگریکردن لە واژۆکردنی ئەو بڕیارە سبەی لەسەر پردی موعەلەق خۆپیشاندان بکەن.
فەرمانگەی میدیا و ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی شەممە 2ـی ئابی 2025، بڵاو کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە نۆ بڕگە لەخۆ دەگرێت، لە نێویاندا دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک دەکرێت.
بڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای ئازادی ڕا دەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە بدرێت، بەڵام ناوەرۆکی پرۆژەکە خەڵکی عێراق و بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤی نیگەران کردووە، چونکە لە پرۆژەکەدا هاتووە، دەبێت هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینێک لە شەواندا قەدەغە بکرێت.
هەر لە پرۆژەکەدا هاتووە، هەر کەسێک کۆبوونەوەی شوێنکەوتووانی ئایین و تایفەیەکى دیاریکراو تێک بدات، یان بانگەشە بۆ ڕق و قینە بکات، دەبێت بە 10 ساڵ زیندانی سزا بدرێت.
هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی خۆپیشاندانەکان بە یاسا لە کاتێکدایە، بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەت کەمی کارەبا و ئاو، لەگەڵ دانەمەزراندنی دەرچووەکان، لە زۆربەی شارەکان عێراق بەردەوام خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت؛ بەڵام بڕیارە سبەی چین و توێژە جیاوازەکان، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر پردی موعەلەق خۆپیشاندان بکەن و داوای ڕەتکردنەوەی ئەو پرۆژە یاسایە بکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، ڕێکخراوەکان داوایان لە تەواوی هاووڵاتییان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی مەدەنی، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و هەموو ئەوانەی دڵسۆزی یاسا و مافەکانی مرۆڤن کرد، سبەی شەممە کاتژمێر 10 لە سەر پردی موعەلەقی بەغدا ئامادەی خۆپیشاندان بن.