کەشناسیی ئێران: شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕوکێن سەرتاسەری وڵات دەگرێتەوە

سەرۆکی ناوەندیی پێشنییەکانی کەشناسی و ئیدارەدانی قەیرانەکان، هۆشداری لە شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپرۆکێن لە ئێران دەدات و پێشبینی دەکات، پلەکانی گەرما بگاتە 50ـی سیلیزی.

سادق زیائیان پێشبینی دەکات ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 1ـی ئابی 2025، سبەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، لە بەرزاییەکانی چیای ئەلبۆرز و زنجیرە چیای زاگرۆس، بەهۆی کاریگەریی گۆڕانکارییەکان بەشێوەیەکی پچڕ پچڕ باران و هەورە برووسکە بێت، هاوکات لەگەڵیدا ئەگەری هەڵکردنی با و خۆڵبارینیش هەیە.

زیائیان ئاماژەیداوە، هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، کە هەفتەی داهاتوو پێنج ڕۆژ، شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕوکێن شارە سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ عێراق دەگرێتەوە، بە تایبەت پارێزگای کرمان، بەرزاییەکانی پارێزگای هۆرمزگان و نیوەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای فارس دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی شەپۆلە گەرماکە.

ڕاشیگەیاندووە، شەپۆلەکە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەوە دەست پێدەکات و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران، با و خۆڵبارین دەبێت و کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی بینین دەبێت.

سادق زیائیان ئاماژەیداوە، تاوەکوو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕوکێن سەرتاسەری ئێران دەگرێتەوە، بە تایبەت شاری ئەهواز بە 50 پلەی سیلیزی گەرمترین ناوچە دەبێت، بە پێچەوانەشەوە شارەکانی کورد و ئەردەبیل بە 15 پلەی ساردترین ناوچە دەست نیشان کراون.

ئەم شەپۆلە گەرمایە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەی کەمی کارەبا و بێ ئاوی لە زۆربەی شارەکانی ئێران، بە تایبەت تاران، ئەمەش وایکردووە ڕۆژانە خەڵکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بڕژێنە شەقامەکان و بە خۆپیشاندان داوای زیادکردنی کاتەکانی کارەبا و پێدانی ئاوی پاک بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment