موحسین مەندەلاوی: ئەو پەرلەمانتارانەی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەشدار نەبوون سزا دەدرێن

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئەو پەرلەمانتارانەی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نەکردووە، هەر یەکەیان بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئابی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر نۆ پرۆژە یاسا کۆبووەوە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، داوای کرد ناوی ئەو کەسانە بڵاو بکرێتەوە کە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکردووە.
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: ئەو پەرلەمانتارانەی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نەکردووە، هەوڵ دەدەین بڕی یەک ملیۆن دینار لە مووچەکانیان ببڕین.
ئەمە لە کاتێکدایە پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڵاو کرایەوە، کە یەکێک لە بڕگەکانی کارنامەکە پرۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین بوو.