ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی لە بارەی پڕۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق دەدات

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت: پڕۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین، کۆتوبەندی بێ پاساو بۆ ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە دروست دەکات.
شەممە 2ـی ئابی 2025، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند: تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق، دەبێتە هۆی پاشکەشکردنێکی مەترسیدار بۆ ئازادی گشتی لەو وڵاتەدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پڕۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین، کۆتوبەندی بێ پاساو بۆ ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە دروست دەکات و، سەرکوتکردن دەکاتە فەرمی کە بەم ساڵانەی دواییدا لە عێراق زیادی کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ناوەرۆکی پرۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندنی ئاشتییانە، خەڵکی عێراق و بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤی نیگەران کردووە، چونکە لە پرۆژەکەدا هاتووە، دەبێت هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینێک لە شەواندا قەدەغە بکرێت.
هەر لە پرۆژەکەدا هاتووە، هەر کەسێک کۆبوونەوەی شوێنکەوتووانی ئایین و تایفەیەکى دیاریکراو تێک بدات، یان بانگەشە بۆ ڕق و قینە بکات، دەبێت بە 10 ساڵ زیندانی سزا بدرێت.
پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، فەرمانگەی میدیا و ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی بڵاو کردەوە کە نۆ بڕگەی لەخۆ دەگرت، یەکێ لەو بڕگانە دەنگدان بوو لەسەر پرۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە.
بەڵام ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی ئامادەبووان دواخرا و، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، بڕیاری دا پەرلەمانتارانی ئامادەنەبوو لە کۆبوونەوەکە بە بڕی یەکەم ملیۆن دینار سزا بدات.