توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی زیانی گەورەیان بەرکەوتووە

شارەزایانی سەربازی: مووشەکەکانی حزبوڵڵا کۆن و لەکار کەوتوون

چەکدارانی حزبوڵڵا لەکاتی مانۆرێکی سەربازیدا (ئەرشیف)
چەکدارانی حزبوڵڵا لەکاتی مانۆرێکی سەربازیدا (ئەرشیف)

حکوومەتی لوبنان دەڵێت: چەکدارانی حزبوڵڵا لە زۆربەی پێگە سەربازییەکانی لە باشووری ڕووباری لیتانی کشاونەتەوە، پاش ئەوەی %90ی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و دامەزراوە سەربازییەکانی لە لایەن ئیسرائیلەوە وێران کراون.

شەممە، 2ـی ئاب، ڕۆژنامەی 'الشرق الاوسط' ڕاپۆرتێکی دەربارەی توانا سەربازی و مووشەکییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی و ئەگەری ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە سوپای لوبنان، بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "سەرباری ئەوەی شارەزایانی سەربازی جەخت لە وێرانکردنی زۆربەی کەرەستە سەربازییەکانی حزبوڵڵا دەکەنەوە، بەڵام حزبوڵڵا بەردەوامە لە بانگەشە بۆ توانا سەربازییەکانی خۆی و هەڕەشەی فراوانکردنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەکات."

شارەزایانی سەربازی دەڵێن "بۆشاییەکی گەورە لە پێکهاتەی هێزی شەڕکەری حزبوڵڵادا دەرکەوتووە. ئێستا ئەو حزبە تایبەتمەندییە لۆجستییەکانی لە دەست داوە و قووڵایی ستراتیجیی سەربازی و سیاسییەکەی زیانی گەورەی بەرکەوتووە. لە بەرانبەردا، توانای چاودێریی ئامادەیی ئیسرائیل بۆ زەبرلێدانی حزبەکە، زیاتر بووە." 

حزبوڵڵا، بەردەوام هەڕەشەی لێدانی ئیسرائیل بە مووشەکی مامناوەند و دوورمەودا دەکات، بەڵام پێشهاتە مەیدانییەکان دەری دەخەن کە هەڵدانی ئەو جۆرە مووشەکانە، بەرانبەر توانای تەکنیکی و ئامادەیی ئیسرائیل، کردەیی نییە و تێچوویەکی زۆری دەبێت. 

ئاشکرابوونی شوێنی هەڵدانی مووشەک و تێکشکاندنی

بەپێی هەڵسەنگاندنی شارەزایان، ئەم مووشەکانە، تەنانەت ئەگەر شتێکیشیان مابێتەوە، بە کردەوە لە خزمەت دەرچوون. عەمیدی خانەنشین، خەلیل ئەلحلو، لای وایە "گوتاری حزبوڵڵای لوبنانی پاشەکشەیەکی گەورە لە توانا کردەییەکانیدا دەردەخات، بەتایبەتی لەبارەی هەڵدانی مووشەکی مامناوەند و دوورمەوداوە."

 ناوبراو بە «الشرق الأوسط» گوت: ئەم جۆرە مووشەکانە پێویستیان بە ئامادەکاریی کاتی و سەکۆی جێگیر، یان نیمچە جێگیر هەیە؛ ئەمەش وایان لێ دەکات لە لایەن ئیسرائیلەوە بە ئاسانی بدۆزرێنەوە و تێک بشکێنرێن.

بەهێزیی تەکنەلۆجیای سەربازیی ئیسرائیل

ئەلحلو هەروا دەڵێت: باشووری لوبنان چیتر شوێنێکی گونجاو نییە بۆ هەڵدانی مووشەک، هەروەها باکووری بەقاعیش ڕووبەڕووی هێرشی ورد بووەتەوە. بۆیە، دەتوانرێت بە دڵنیاییەوە بڵێین، ئەم چەکە چیتر توانای جێبەجێکردنی هیچ ئەرکێکی هێرشبەریی جددی نییە. تەنانەت ئەگەر بەشێک لەم مووشەکانەش مابن، ئەوا بەکارخستنیان لەژێر چاودێریی توندی ئاسمانیی ئیسرائیلدا، مەحاڵە.

ئەلحلو ئاماژە بەوە دەکات "تەلئەڤیف تۆڕێکی چاودێریی پێشکەوتووی پەرە پێ داوە کە پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مانگە دەستکردەکان و هەستەوەری بایۆمەتری دەبەستێت، ئەوانەش بە سیستمەکانی زیرەکیی دەستکرد پاڵپشتیی کراون کە توانای شیکردنەوەی ئاماژە بینراو و گەرمیەکانی هەیە. ئەم تۆڕە وادەکات هەر جووڵەیەکی مووشەکی، یان گواستنەوەی سەکۆکان و ئامادەکردنیان، بە خێرایی دەستنیشان بکرێن.

ناوبراو هەروا دەڵێت: ئیسرائیل دەستی کردووە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای بەرپەرچدانەوە بە لەیزەر شانبەشانی (گومەزی ئاسنین)، ئەمەش کارایی مووشەکیی حزبوڵڵا کەم دەکاتەوە و ئەو چەکە ناکارا دەکات و دەبێتە بارگرانییەک بە ئەستۆی حزبوڵڵاوە.

سوریا چیتر ڕێڕەوێکی ئارام نییە

عەمیدی خانەنشین، نزار عەبدولقادر دەڵێت: ئەگەر توانا مووشەکییەکانی حزبوڵڵا وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، هێندە بە هێز بووایە، دەیتوانی لە هەر جێیەکی لوبناوە بەکاریان بهێنێت، بەڵام ئێستا دەرکەوت ئەوە واقیعیانە نییە و ئەوان ناتوانن شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانیان لە ئیسرائیل بشارنەوە. 

عەبدولقادر دەڵێت :ڕێگەکانی  هێنانی چەک بە قاچاخ لە سووریاوە داخراون و دەروازە وشکانییەکان و بەندەرە دەریاییەکان کەوتوونەتە ژێر چاودێریی وردی ئیسرائیل؛ ئەمەش وا دەکات هێنانی مووشەک یان کەرەستەی دروستکردنی، ببێتە پرۆسەیەکی نزیک لە مەحاڵ.

عەبدولقادر لای وایە "بانگەشەی حزبوڵڵا بە هەبوونی مووشەکی مامناوەند و دوورمەودا، چیتر لەبەر کارایی سەربازیی نییە، بەڵکو لەبەر هێما سیاسییەکەیەتی کە وەکوو کارتی فشار لە ناوخۆ و دەرەوەدا بەکار دەهێنرێن.

چی لە توانای مووشەکی حزبوڵڵا ماوەتەوە؟

خەمڵاندنە سەربازییە جیاوازەکان، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوەی لە توانای مووشەکیی حزب ماوەتەوە تەنیا %30 ی پێش دەستپێکردنی شەڕی ئەم دواییەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیلە.

ئەلحلو جەخت لەوە دەکاتەوە "حزبوڵڵا، ئێستا پشت بە مووشەکی سووکی هەڵگیراو و دژە زرێپۆش دەبەستێت، لە چوارچێوەی ستراتیجییەکی ناوخۆییدا کە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی هەر پێشڕەوییەکی ئیسرائیلە لە خاکی لوبناندا."

ئەلحلو و عەبدولقادر، کۆکن لەسەر ئەوەی "سەرەڕای ئەوەی کە گوتاری ڕاگەیاندنی حزب نەگۆڕاوە، بەڵام هاوسەنگیی هێزەکان گۆڕاون؛ ئەو مووشەکەی کە دە ساڵ لەمەوبەر هەڕەشەی لە تەلئەڤیڤ دەکرد، ئەمڕۆ لەژێر مایکرۆسکۆپی زیرەکیی دەستکرددایە"

ئەوان هەروا دەڵێن "لەگەڵ کشانەوەی حزبوڵڵا لە باشووری لیتانی و ئاشکرابوونی هێزە سەربازییەکەی لە ناوخۆی لوبناندا، توانای حزب بۆ دەستپێشخەریی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، لاواز بووە. مووشەکە دوورمەوداکانی، تەنانەت ئەگەر هەشبن، لە پشتیوانییەکی مەعنەوی و گرەو لەسەر بەکارهێنانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، گۆڕاون بۆ  بارگرانییەکی سیاسی و سەربازیی سەر شانی حزبوڵڵا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment