قالیباف: ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی سواڵ لە هیچ کەسێک ناکات

محەممەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئێران ئاسایشی خۆی لە هیچ کەسێک سواڵ ناکات؛ دوژمنانی ئێران دەبێت بە لێکدانەوەکانی خۆیاندا بچنەوە و بزانن تاکە ڕێگەی ڕاست ئەوەیە کە مافە یاساییەکانی ئێمە قبووڵ بکەن.

یەکشەممە، 3ـی ئاب، محەممەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران،  لە وتاری پێش کارنامەی خۆی لە کۆبوونەوەی کراوەی  پەرلەماندا گوتی: هەفتەی ڕابردوو شاندی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەی سەرۆک پەرلەمانەکانی وڵاتانی جیهاندا بەشداری کرد.

ناوبراو ڕایگەیاند: ئەم کۆبوونەوەیە لەبەر ئەوە گرنگ بوو چونکە یەکەم بەشداریی ئێران بوو لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان دوای جەنگی 12 ڕۆژە و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 110 شاندی پەرلەمانی لە سەرانسەری جیهاندا.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەروا گوتی: پێویستە ئەوە بگوترێت کە ئیمپراتۆرییەتی میدیایی ڕۆژئاوا هەوڵێکی زۆر دەدات تاکوو ئێران وەک دۆڕاوی جەنگی سەپێنراوی ئەم دواییە نیشان بدات و ئامانجیان لەم وێناکردنە ناچارکردنی ئێرانە بە قبووڵکردنی ئاشتییەکی سەپێنراو دوای جەنگێکی سەپێنراو.. بۆیە یەکەم ئامانجی شاندی پەرلەمانی ئێران ئەوە بوو کە هەڵەی ئەو میدیایانە ڕاست بکاتەوە.

 سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، دەربارەی کۆبوونەوەی «پابەندبوون بە مافە نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی» بە دەستپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جنێڤ، گوتی: کۆبوونەوەی دەستپێشخەری کە بە بانگهێشتی ئێران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بە ئامادەبوونی 31 شاندی پەرلەمانی و سێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، تەنانەت بۆ وڵاتانی دۆستیش چاوەڕواننەکراو بوو و وڵاتانی دۆستی دڵگەرم و دوژمنانی ئێرانی تووڕە کرد. 

قالیباف، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: من بە نوێنەرایەتی گەلی ئێران هەوڵم دا لە وتار و کۆبوونەوە فەرمییەکانمدا، چەند بابەتێک بخەمە بەرچاو؛ یەکەم هەڵوەشاندنەوەی ستراتیجیی ویناکردنی ئێران بە لاوازی لە لایەن میدیا دژەکانمانەوە؛ دووەم  ڕوونکردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە ئێران ئاسایشی خۆی لە هیچ کەسێک سواڵ ناکات؛ دوژمنانی ئێران دەبێت بە لێکدانەوەکانی خۆیاندا بچنەوە و بزانن تاکە ڕێگەی ڕاست ئەوەیە کە مافە یاساییەکانی ئێمە قبووڵ بکەن و هیچ هیوایەکیان بە جەنگی سەپێنراو یان ئاشتیی سەپێنراو نەبێت.

قالیباف لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئێران لە پێگەی سەرکەوتووی جەنگدا، وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ چوونە قۆناغی دیپلۆماسی بە میکانیزمی ژیرانە و سەربەرزانە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی گونجاو کە سەرجەم مافەکانی ئێران بسەلمێنێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment