ئەحمەد وەحیدی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان وەڵامی چاوەڕوان نەکراومان دەبێت

وەزیری پێشووی بەرگریی ئێران، دەڵێت: دەبێت دوژمنانی ئێران بزانن لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوەی سەر وڵاتەکەمان، کاردانەوەی چاوەڕواننەکراومان دەبێت.
یەکشەممە، 3ـی ئاب، لیوا ئەحمەد وەحیدی، وەزیری پێشووی بەرگری و فەرماندەی پێشووتری سوپای قودس، دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی کە پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی حکوومەتی ئێرانن، بە ئاژانسی هەواڵی 'دیدەبانی ئێران' ی ڕاگەیاند، "ئەم دەنگۆ و قسەوباسانە هیچ بنەمایەکەی ڕاستیان نییە؛ گەلی ئێران یەکگرتووە و ئەمڕۆ گەل و هێزە چەکدارەکان، پێکەوە لە ژێر فەرمانی فەرماندەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کار دەکەن."
وەحیدی گوتیشی: دەبێت دوژمنانی ئێران بزانن لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هێرشکردنەوەیان بۆ سەر ئێران، بەشێوەیەک وەڵامیان دەدینەوە و بەرەنگاریان دەبینەوە، بۆ ئەمەش دەستکراوەین.
وەحیدی، سەبارەت بە لێدوانە میدیاییەکان دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، ڕایگەیاند "لە بواری ئەتۆمیدا، هەڵوێستەکانی ئێران پێشتر بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا ڕاگەیەنراون."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە لە ئەگەری هەر کردەیەکی دیکەی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، چی ڕوو دەدات؟، ئەحمەد وەحیدی گوتی: ئێمە پێشتر هەڵوێستی خۆمان دیاری کردووە و بە دڵنیاییەوە ئێران دەستکراوەیە بۆ ئەوەی لە بەرانبەر دووبارەبوونەوەی دەستدرێژییەکانیاندا، هەر وەڵامێک بە پێویستی بزانێت، بیکات."