ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ: نامانەوێت کەس لە غەززە برسی بێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل خۆراک بە خەڵکی غەززە بدات و وڵاتەکەشیی بارودۆخی ترسناک و کارەساتباری برسیکردنی غەززە قبوڵ ناکەن .

ترەمپ لە وتارێکدا لە ویلایەتی پنسیلڤانیا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند، ئەمەریکا "دەیەوێت خەڵکی غەززە خۆراکیان هەبێت"، ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن تاکە وڵاتە پاڵپشتی دارایی بۆ دابین دەکات.

دەشڵێت: نوێنەری خۆی، ستیڤ ویتکۆف، لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا لە ئیسرائیل زۆر کاری کردووە. گوتیشی: "دەمانەوێت خەڵک خۆراکیان پێبدرێت، دەمانەوێت ئیسرائیل خۆراکیان پێبدات. ئێمە نامانەوێت خەڵک برسی بن و نامانەوێت لە برسێتیدا بمرن". 

ترەمپ ڕاشیگەیاند، ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات "ناخ هەژێنە، شەرمەزارکەر و کارەساتبارە".

ترەمپ ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بڕی 60 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی مرۆیی داوەتە غەززە و دەشڵێت: "تەنیا ویستم خەڵکی ئەوێ خواردنیان هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی ئەو هاوکارییەم نەبینیوە".

گۆڤاری زە ئەتڵەنتیک لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، ترەمپ پێی وایە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵدەدات شەڕی غەززە درێژ بکاتەوە، سەرەڕای گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانی، بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی. بەرپرسان پشتڕاستیان کردەوە کۆشکی سپی پێی وایە ناتانیاهۆ هەنگاو دەنێت ڕێگری لە ڕێککەوتنی ئەگەری ئاگربەست بکات. بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ نیازی لێپرسینەوە لە ناتانیاهۆ نییە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment