هەواڵێکی کوردستان24 لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش بووەتە سەرچاوەی ڕۆژنامە و میدیاکانی تورکیا
لێدوانی یەکێک لە پارێزەرەکانی دەمیرتاش بۆ کوردستان24 لەبارەی ئەگەری ئازادکردنی موکلەکەی، بووەتە مانشێتتی تەواوی میداکانی تورکیا و باکووری کوردستان.
ڕۆژی شەممە، 02ـی ئابی 2025، مەسعود ئۆزەر، یەکێک لە پارێزەرەکانی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئازادکردنی دەمیرتاش و ژمارەیەک زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد کرد.
مەسعود ئۆزەر لە بەشێکی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە "بە هەلومەرجی سیاسەتی ئێستای تورکیا و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕاگەیاندنی پرۆسەی نوێی ئاشتی، ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو (ئەیلوول) دەمیرتاش سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکرێت" ئەم لێدوانەی مەسعود ئۆزەر بۆ کوردستان24، لە تەواوی میدیا و ڕۆژنامە سەرەکییەکانی تورکیا بووەتە بابەتی رۆژ.
ڕۆژنامەی 'سۆزجو' کە ڕۆژنامەی ئۆپۆزسیۆنە و سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـیە، ڕایگەیاندووە "پارێزەرێکی سەڵلاحەددین دەمیرتاش زانیارییەکی وەک بۆمبی بە کوردستان24 ڕاگەیاندووە و گوتوویەتی، ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو ناوبراو ئازاد بکرێت."
هاوکات ڕۆژنامەی "قەرار"ـی نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە پارتی دەسەڵاتدارە؛ بایەخی بە بابەتەکە داوە و باسی لەوە کردووە "پارێزەرێکی دەمیرتاش لە کوردستان24 باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی کردووە و تیشکی خستووەتە سەر ئازادکردنی دەمیرتاش."
ڕۆژنامەی چەپی وڵاتەکەش وەک "بیرگون" و "ئێڤرانسەل"، بەناوی سەرچاوەکەی کوردستان 24ـەوە باسیان لەوە کردووە، ئەگەری هەیە مانگی داهاتوو دەمیرتاش ئازاد بکرێت.
جگە لە ڕۆژنامەکان، چەندان دەیان ماڵپەر و دیجیتاڵمیدیا و سەرچاوەی ڕۆژنامەوانیی جیاوازی وڵاتەکە، کوردستان24ـیان وەک سەرچاوەی هەواڵی ئازادکردنی دەمیرتاش بەکارهێناوە.
دەستگیرکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش
لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی تێوەگلانییان لە دۆسییەی کۆبانێ دەستگیر کران.
دۆسیەی کۆبانێ دوای ئەوەی دەستیپێکرد، کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2014دا لە باکووری کوردستان خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانی لە شاری کۆبانێ بەڕێوەچوون و توندوتیژی لێ کەوتەوە، لەسەر دۆسییەکە سەڵلاحەددین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا و فیگەن یوکسەکداغ 32 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سێ جار داوای ئازادکردنی سەڵلاحەددین دەمیرتاشی کردووە، بەڵام بڕیارەکە تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و دامەزراندنی کۆمیسۆنی پەرلەمانی بۆ بەروە پێش بردنی پرۆسەکە، بەشێک لە زیاندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، کە لەنێوییاندا سەڵلاحەددین دەمیرتاش لەخۆ دەگرێت.
"ئازادکردنی من گرنگ نییە"
ڕۆژی شەممە، 02ـی ئابی 2025، عومەر فایەق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی سەڵاحەددین دەمیرتاشی کرد و پاش سەردانەکەشی، پەیامێکی دەستنووسی دەمیرتاش و وردەکاریی گفتوگۆکەی بڵاوکردەوە.
دەمیرتاش لە پەیامە نووسراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "سڵاوی خۆم بۆ گەلەکەمان دەنێرم. من زۆر بەهێزم و پڕم لە هیوای ئاشتی، تەنیا ڕێگەش وازهێنانى گشتییە لە چەک و چارەی دیکە بۆ ئاشتی نییە. دەبێت هەنگاوێکی ڕیشەیی بنرێت و ڕێگای ئاشتی بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆش بکرێت".
سەبارەت بە ئازادکردنی لە زیندان، دەمیرتاش باسی لەوە کردووە"بەدڵنیاییەوە ڕۆژێک ئازاد دەبم، ئەوەی گرنگە ئاشتی بەدی بهێنرێت. ئازادکردنی من گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کۆمەڵگەیەکمان هەبێت کە داوای دادپەروەری و ئازادی بۆ هەموان بکات و ئەو کێشانە دوبارە نەبنەوە".