ئێران زانیاریی نهێنی دەربارەی فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی ئاشکرا کرد

ڕۆژنامەی هایۆمی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ئێران زانیارییە نهێنییەکانی کە پەیوەندییان بە ئافرەتە فڕۆکەوانە ئیسرائیلەکە ئاشکرا کرد، کە لە هێزی ئاسمانی ئیسرائیلدا خزمەت دەکات، ئەمەش بە پێشێلکارییەکی ئەمنی مەترسیدار وەسف کراوە.
ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئابی 2025، ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە، "تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران زانیاری کەسی و وێنەی فڕۆکەوانێکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلی نمایشکردووە."
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، تەلەفزیۆنی ئێران، پلەی فڕۆکەوانەکە و ژمارەی ئەو فەوجەی ئاشکرا کردووە کە خزمەتی تێیدا کردووە، هەروەها وێنەی هاوسەرەکەی و منداڵەکانیشی پەخش کردووە.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە، تا ئێستا ڕوون نییە دەسەڵاتدارانی ئێران چۆن وێنە و زانیارییەکانیان دەستکەوتووە.
لە 7ـی حوزەیران، ئێران ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر داتای نهێنی ئیسرائیلی دەستکەوتووە کە هەزاران بەڵگەنامەی پەیوەست بە پڕۆژە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیلی تێیدایە.
تەلەفزیۆنی ئێران لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە بڵاوی کردەوە، هەواڵگری ئێران ژمارەیەکی زۆر زانیاری ستراتیژی و هەستیاری تایبەت بە ئیسرائیل بەدەست هێناوە، لەوانەش پلان و دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
ئەو کاتەی تەلەفزیۆنی ئێران هەواڵەکەی بڵاوکردەوە، جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتایی هاتبوو، بەڵام ئێران ڕایگەیاندبوو، بەڵگەنامەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.
📹 برای نخستینبار تصاویر و اطلاعات برخی از خلبانان رژیم صهیونیستی که در بمباران مردم ایران نقش داشتند، فاش شد#اسرائيل_سقطت pic.twitter.com/7gxREfxtnQ
— خبرگزاری تسنیم 🇮🇷 (@Tasnimnews_Fa) August 2, 2025