کرملین: بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکەین

دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، ڕایگەیاند. ڕووسیا هەڵوێستێکی بەرپرسانەی بەرانبەر دۆسییەی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەبێت.

دووشەممە، 4ـی ئاب، دیمتری پیسکۆڤ، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە بە هۆشیارییەوە دەڕوانینە ئەو گوتارانەی دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی دەدرێن.. بێگومان، ئێمە بڕوامان وایە کە هەمووان دەبێت بەرانبەر بەو گوتارانە زۆر هۆشیار بن. 

پیسکۆڤ، ئاماژەی بۆ قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دا و گوتی: ئەوە ئاشکرایە کە ژێردەریاییە ئەمەریکییەکان بە کردەیی لە ئەرکێکی جەنگیدان. 

هەینی، 1ـی ئاب، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیبووی "فەرمانم دا دوو کەشتی ژێردەریایی هەڵگری بۆمبی ئەتۆم، لە ناوچەیەکی گونجاو و نزیک ڕووسیا جێگیر بکرێن."

سەرۆکی ئەمەریکا، باسی ئەوەی نەکرد کە ئایا دوو ژێردەریاییەکە بە وزەی ئەتۆم کار دەکەن یاخود هەڵگری کڵاوەی جەنگیی ئەتۆمین و بە دیاریکراوی لە کوێ جێگیر دەکرێن.

ترەمپ، لە سەرەتادا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەبوو، بەڵام لەم دواییانەدا بێزاریی خۆی لێ نەشاردەوە و هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆدا دەکات، ئەگەر جەنگەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕانەگرێت.

سەرباری زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، ستیڤ ویتکۆف، ئەم هەفتەیە، پێش کۆتایی ئەو وادەیەی ترەمپ دیاری کردبوو، سەردانی ڕووسیا دەکات.

پیسکۆف، لەم بارەیەوە گوتی: ئێمە هەمیشە خۆشحاڵین بە هاتنی ویتکۆف بۆ مۆسکۆ بەردوامیی پەیوەندیمان لەگەڵیدا. ئێمە ئەم پەیوەندییانەمان بەلاوە بەسوود و بنیاتنەرە.

پیسکۆف ئاماژەی بەوەش دا "دوور نییە ویتکۆف لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پوتن کۆ ببێتەوە."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment