كرێملن: پوتن و ناتانیاهۆ چه‌ند پرسێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان تاوتوێ كرد

گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا باس له‌وه ده‌كات، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل به ته‌له‌فۆن قسه‌یان كردووه؛ ئه‌مه دووه‌مین په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی نێوان هه‌ردوولایه له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا.
دووشه‌ممه، 4ـی ئابی 2025، دیمیتری پیسكۆڤ، گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ڕایگه‌یاند، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ڕووسیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل به ته‌له‌فۆن قسه‌یان كردووه و تاوتوێی چه‌ند پرس و ته‌وه‌رێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان كردووه. گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا له‌م باره‌وه زیاتری ئاشكرا نه‌كردووه.
گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا گوتووشیه‌تی، پوتن پشتگیریی خۆی بۆ "یه‌كێتی، سه‌روه‌ری و سه‌لامه‌تی سووریای عه‌ره‌بی"ـی دووپات كردووه‌ته‌وه.
پیسكۆڤ ده‌شڵێت، پوتن له درێژه‌ی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ناتانیاهۆ سه‌قامگیریی سیاسیی سووریا و ڕه‌چاوكردنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ته‌واوی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی به پێویست زانیوه.
كرێملن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردبوو، پوتن ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ هاوكاریكردنی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی پرسی ئه‌تۆمی ئێران نیشان داوه‌ته‌وه. هاوكات هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر درێژه‌دان به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان.