ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی پەرلەمانیی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کۆدەبێتەوە

پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانی تورکیا

بۆ زەمینەسازیی یاسایی و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەمڕۆ  سێشەممە 5ـی ئابی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانیی ئەو وڵاتە بەسەرۆکایەتی نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

بەپێی میدیاکانی تورکیا،  لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکە، شێوازی کارکردن و ناوەکەی دیاریی دەکرێت، کارەکانی تایبەت دەبێت بە پرۆسەی ئاشتی کە لە 51 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندامی دەبێت، جەهەپە 10 ئەندامی دەبێت، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندامیان دەبێت، ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان بۆ دیاریکراوە،  پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەریەکەی ئەندامێکیان دەبێت. 

پێشتر، ئیی پارتی بەفەرمی  ڕایگەیاندبوو، بەشداریی کۆمیسیۆنەکە ناکات،  وەک پێشتر ڕاگەیەندراوە، ئامانج لە دامەزراندنی کۆمیسۆنەکە دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، گرنگترین کارەکانی کۆمیسیۆنەکە بریتی دەبێت لە، دیاریکردنی چارەنووسی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دوای پرۆسەی چەکدانان، هاوکات لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، پرۆژەیاسای نوێ، هەمواری پرۆژەیاسا و پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان ئامادە دەکەن، بۆ ئەوەی ببنە یاسا و دەنگیان لەسەر بدرێت.

11ی تەممووزی 2025 گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، پەکەکەش لە 5-7ی ئایاری ئەمساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆ هەڵوەشاندنەوەی دا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment