چاودێرێک: هێشتا بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق دەستی پێ نەکردووە، دوو تریلیۆن دینار خەرج کراوە
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوەی پارەی وڵات لە لایەن بەرپرسانەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارنەهێندرێت، یاسایەکی نوێ دەردەکات. چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت: هێشتا بانگەشە دەستی پێ نەکردووە، نزیکەی دوو ترلیۆن دینار لە لایەن سیاسییەکانەوە خەرج کراوە.
لە بانگەشەکانی ڕابردووی هەڵبژاردنە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، پارەی خەیاڵی خەرج کراوە. بەشێک لە کاندیدە دەرنەچووەکان خۆیان گلەییان کردووە و گوتوویانە "بڕی ئەوەنە ملیۆن دۆلارمان خەرج کردووە و دەنگی پێویستمان نەهێناوە"
کاندیدی پەرلەمان لە عێراق هەبووە، سەرمایەدارێکی گەورە بووە و نیازی دەرچوون و کاری پەرلەمانتاری هەر نەبووە، تەنها چووەتە ناو پڕۆسەکە و پاشان ڕایگەیاندووە "دوو ملیۆن دۆلارم خەرجکردووە."
لەوبارەوە عەباس جبووری، چاودێری سیاسی دەڵێت: هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، هەڵبژاردنی پارەیە، پارەت هەبێت دەرەچی. تا ئێستا دوو ترلیۆن دینار لە لایەن لایەنە سیاسییەکانەوە خەرج کراوە. بەشێک لە کاندیدەکان هەر تاقەتی هەڵبژاردنیان نییە، ملیار دێرن و پێویستییان پێی نییە، بەڵام دەچنە ناو پرۆسەکە بۆ ئەوەی، ئەگەر 500 ملیۆن خەرج بکەن، بڵێن '400 ملیۆنمان خەرج کردووە' تاکوو لەو ڕێگایەوە پارە سپی بکەنەوە، تەنانەت حزبەکانیش وا ئەکەن.
هەر سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11-11-2025، بەڕێوەبچێت؛ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرقاڵی دەرکردنی بڕیارێکی نوێیە و بڕێک پارە دیاری دەکات کە لەوە زیاتر خەرج نەکرێت. هەر حزب و کاندیدێکیش پابەندی نەبێت، سزا دەدرێت و تەنانەت دەدرێتە دەستەی گشتی دەستپاکی تاکو بزانن سەرچاوەی ئەو پارەی خەرج کراوە لە کوێوە دابین کراوە.
حەسەن هادی، ئەندامی گرووپی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق ئاماژە بەوە دەدات " ئەم جارە گرنگیمان بە خەرجییەکانی کاندیدی هەڵبژاردنەکان داوە. کۆمیسیۆن بە تەنیا ناتوانێت چاودێرییان بکات، بۆیە یاسایان بۆ دەرەکەین و بە هاوکاری دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دستپاکی ڕێگری دەکەین لە زیادخەجکردنی پارە بۆ بانگەشە، یان بەکارهێنانی پارەی گشتی و دەوڵەت لە لایەن بەپرسە کاندیدەکانەوە، بۆیە دەبێت ئاگاداربن، سزا دەدرێن."
لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێڕاق نزیکەی 30 ملیۆن هاوڵاتی دەتوانن دەنگ بدەن کە 343 لیست و قەوارە و هاوپەیمانی بە 7900کاندیدەوە بەشداری پرۆسەکەن بۆ کێبڕکێی بردنەوەی 329 کورسی پەرلەمانی .